حوسێن فروهه‌ر
حوسێن فروهه‌ر تێکۆشه‌رێکی گوم ناو
حوسێن فروهه‌ر که به (حوسێنی زێڕنگه‌ران) و (حوسێنی زه‌رگه‌ری)یش ناسراوه، مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ‌و ئازا و له خۆبووردوو بووه و له شاری مه‌هاباد، له خێزانێکی هه‌ژاری کورد په‌روه‌ردا چاوی هه‌ڵێناوه.
له سه‌ره‌تاکانی ساڵانی سیی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا حوسێن فروهه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک لاوی ئازادیخوازی شاری مه‌هاباددا ده‌ستیان به جه‌مموجۆڵی سیاسی کردوه و به دزی ئه‌منییه‌کانی ڕه‌زاشای په‌هله‌وییه‌وه به‌رده‌وام کۆبوونه‌ته‌وه و سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی ئه‌وده‌می کوردستان و زمان و ئه‌دب و مێژووی کورد وت‌ووێژیان کردوه و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردوه.
ساڵی 1938 حوسێن فروهه‌ر و عه‌زیز زه‌ندی و عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی و قاسم قادری و محه‌مه‌دی نانه‌وازاده و چه‌ند ڕوناکبیرێکی دیکه‌ی مه‌ڵبه‌ندی موکریان “حیزبی ئازادیخوازی کوردستان” یان دامه‌زراندوه.
فروهه‌ر یه‌کێک بووه له ڕابه‌ره دیار و کارامه‌کانی ئه‌و حیزبه و دڵسۆزانه له ڕیزه‌کانیدا تێکۆشاوه. هێنده‌ی پێنه‌چووه ژانده‌رمه دڕنده‌کانی حکومه‌تی په‌هله‌وی به چالاکیی ئه‌و حیزبه‌یان زانیوه و هه‌ڵمه‌تی گرتن و ڕاونانیان ده‌ستپێکردوه. له‌و شاڵاوه‌دا حوسێن فروهه‌ر و گه‌لێک که‌سی تێکۆشه‌ری دیکه‌یان ده‌ستگیرکردوه و بۆ شیراز و یه‌زد و کرمان دووریانخستونه‌ته‌وه.
له مانگی ئۆگوستی 1941 دا هێزی ده‌وڵه‌ته هاوپه‌یمانه‌کان ئێرانیان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه و ڕه‌زاشای په‌هله‌وییان له‌سه‌ر حوکم لابرد و به‌ڕواڵه‌ت محه‌مه‌د ڕه‌زای کوڕییان له‌جێی دانا. ورده ورده هه‌لومه‌رجێکی دیموکرات و ئازاد به‌رقه‌رار بوو. هه‌زاران مرۆڤی شۆڕشگێڕ‌و پێشکه‌وتنخواز که له زیندانه‌کاندا بوون، یان دوور خرابوونه‌وه، ئازاد کران و هه‌ریه‌ک بۆ شوێنی خۆیان گه‌ڕانه‌وه. حوسێن فروهه‌ر یه‌کێک بوو له‌وانه و به‌ره‌و زێدی خۆی (شاری مه‌هاباد) گه‌ڕایه‌وه.
له‌و سه‌روه‌خته‌دا حیزبی ئازادیخوازی کوردستان، چالاکی کز بوو بوو، فروهه‌ر و زه‌بیحی و محه‌ممه‌د نانه‌وازاده و چه‌ند تێکۆشه‌رێکی تر که‌وتنه خۆ‌و حیزبه‌که‌یان بۆژانده‌وه و کاری سیاسی و ڕوناکبیری و ڕێکخستنیان ده‌ستپێکرده‌وه.
له 1942.08.16دا فروهه‌رو زه‌بیحی و کۆمه‌ڵێک ڕووناک‌بیری دیکه، به‌هاوکاریی و ڕێنوێنیی (حیزبی هیوا)، بڕیارده‌ده‌ن له سه‌ر بنه‌ماکانی حیزبی ئازادیخوازی کوردستان ڕێکخراوێکی به هێزترو به‌رینتر دابمه‌زرێنن. سه‌ره‌نجام پاش مشتومڕو لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومرجه‌که “کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان” (کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک.) داده‌مه‌زرێنن. حوسێن فروهه‌ر ده‌بێته ئه‌ندامی ژماره یه‌کی کۆمه‌ڵه و ناوی نهێنیی (کاوه) بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت. هاوکات به هۆی لێهاتوویی و دڵسۆزییه‌وه حوسێن فروهه‌ر به سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه داده‌نرێت.
له‌و ڕۆژگاره‌دا شاری مه‌هاباد و ناوچه‌ی موکریان له نێوان هێزی هاوپه‌یمانه‌کاندا وه‌ک ناوچه‌ی بێ لایه‌ن مابوه‌وه، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ریه‌وه نه‌مابوو. ژماره‌یه‌ک له ڕووناکبیران و تێکۆشه‌رانی مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌که له شاڵاوی ڕاوو ڕووتی عه‌شیره‌ته‌کان بپارێزن، بڕیاریاندا شه‌وانه له کۆڵان و شه‌قامه‌کاندا ئێشک بگیرێت. حوسێن فروهه‌ر له‌و ده‌مه‌دا سه‌رپه‌رشتیی ده‌سته‌یه‌ک له ئێشکچییه‌کانی گرته ئه‌ستۆ و کاره‌کانیانی ڕێکده‌خست و وریایی و ئازایی نیشاندا.
پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنج شه‌ممه1945.02.15 (26ی به‌همه‌نی 1323) دانیشتووانی شاری مه‌هاباد به هاندان و ڕێنوێنی حوسێن فروهه‌ر و عه‌زیز خانی کرمانج له مزگه‌وتی “هه‌باس ئاغا” کۆبوونه‌وه و داوای نه‌مان و کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی حه‌مه‌ڕه‌زاشایان له شاری مه‌هاباد و کوردستاندا کرد. پاشان خۆیان پێش خه‌ڵکه‌که که‌وتن و هه‌ڵمه‌تیان برده سه‌ر شاره‌وانی مه‌هاباد، که ده‌سته‌یه‌ک چه‌کداری حکومه‌تی ناوه‌ندی تێدا مابوو و کردبوویانه بنکه‌ی سیخوڕی و کێشه دروست کردن بۆ خه‌ڵک. سه‌رئه‌نجام ژماره‌یه‌کیان لێ‌کوشتن و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ڵاتن.
له 1945.08.16 دا له‌سه‌ر بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ڕێکخراوێکی سیاسیی به‌رینتر به ناوی “حیزبی دیموکراتی کوردستان”ه‌وه دامه‌زرێندرا. حوسێن فروهه‌ر که پێشتر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه بوو. له‌و حیزبه‌دا وه‌ک ئه‌ندامێکی ساده حیسابی بۆ کرا و هیچ پله‌یه‌کی حیزبیی نه‌درایه. مامۆستا هێمن له پێشه‌کیی دیوانی (تاریک و ڕوون) دا نوسیویه‌تی: “سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه که پیاوێکی زۆر تێکۆشه‌ر و ئازا و پاک بوو، له کادری ڕێبه‌ری دا نه‌ما. ئه‌م ئاڵوگۆڕه هیچ کاری نه‌کرده سه‌ر ئه‌و پیاوه و له ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ی حیزبی‌دا درێژه‌ی به خه‌بات و کاری خۆی هه‌ر دا‌و ڕه‌نجێکی زۆری کیشا”.
له سه‌رده‌می کۆماری دیموکراتی کوردستاندا فروهه‌ر وه‌ک ئه‌فسه‌ری سیاسی پله‌ی سه‌رهه‌نگی درایه و له زۆربه‌ی بۆنه‌کاندا جل وبه‌رگی ڕه‌سمیی له‌به‌ر ده‌کرد.
ڕۆژی چوارشه‌ممه 1945.12.19به سه‌رپه‌رشتی حوسێن فروهه‌ر و عه‌لی خوسره‌وی و به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک ڕوناکبیر و هه‌زاران که‌س له شاری نه‌غه‌ده ئاڵای کوردستان هه‌ڵکرا. حوسێن فروهه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا که جل وبه‌رگی ئه‌فسه‌ری له‌به‌ردا بوو وتارێکی به‌نرخی پێشکه‌شکرد.
هه‌روه‌ها ڕۆژی چوارشه‌ممه 1945.12.26 به سه‌رپه‌رشتی حوسێن فروهه‌ر له شاری بۆکان ئاڵای کوردستان هه‌ڵکرا و مه‌راسمێکی پڕشکۆ سازکرا و فروهه‌ر و چه‌ند ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ری دیکه وتار و شیعری پڕ له حه‌ماسه‌یان خوێنده‌وه.
پاش ماوه‌یه‌ک له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بوو له ریزی سوپای میللی‌دا نه‌ما و دوور که‌وته‌وه. له‌م ڕووه‌وه بیروڕای جۆراوجۆر هه‌یه و ڕوون نییه بۆچی ده‌ستیکێشاوه‌ته‌وه. دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای حکومه‌تی داگیرکه‌ری ئێران بۆ مه‌هاباد، حوسێن فروهه‌ر وه‌ک هه‌ر تێکۆشه‌رێکی دیکه‌ی کورد و وه‌ک که‌سێکی سیاسیی ناسراو گیراو خرایه زیندانه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک له مه‌هاباده‌وه به‌ره و ورمێ‌یان برد. له‌وێ به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که ئه‌فسه‌ری کۆماری کوردستان بووه، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک ئه‌فسه‌ری دیکه‌ی کۆمار‌دا وه‌ک: (محه‌مه‌دی نازمی، عه‌بدوڵڵای ڕه‌وشن فکر، ڕه‌سوڵی نه‌غه‌ده‌یان و حامیدی مازوچی) حوکمی ئێعدام‌یان بۆ ده‌رکرا. به‌ڵام له دادگای دووهه‌مدا هه‌ر چۆنێک بوو حوکمه‌که‌ی بۆ دابه‌زێنرا و بۆیکرا به زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ئیدی زۆر خۆڕاگرانه سێ ساڵی له زیندانی ورمێ و ته‌ورێزدا به‌سه‌ربرد و به‌ر لێبوردنێکی گشتیی که‌وت و ئازادکرا.
کاتێک له زیندان ئازاد کرا، بۆ تاران دوریان خسته‌وه. نیزیکی دوو ساڵ به ماڵه‌وه له تاران مایه‌وه. ساڵی 1952 گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌هاباد و له پاڵ کاروکاسبیدا، جموجوڵی سیاسیی ده‌ستپێکرده‌وه. به‌رده‌وامیش ماڵه‌که‌ی ببوه شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی که‌سه ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ره‌کان و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
له ساڵی 1953 دا ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵک له ماڵی ئه‌ودا کۆبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری لاوانی کورد بۆ ڤێستڤاڵی لاوان له بوخارست هه‌ڵبژێرن.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا حیزبی دیموکراتی کوردستان چالاکی سیاسی کز ببوو. کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامه چالاکه‌کانی حیزب هاتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ده‌بێت گوژمێک به حیزبه‌که بده‌نه‌وه و بیبوژێننه‌وه، له نێو ئه‌و که‌سانه‌دا حوسێن فروهه‌ر له هه‌موان کارامه‌تر و فیداکارتر بوو.
پاش کۆدێتای 1945.08.19 که حوکومه‌تی نیشتمانیی دوکتور موسه‌دیق ڕوخینرا و حه‌مه ره‌زاشا بۆ سه‌ر کورسی حوکم گه‌ڕێنرایه‌وه. ده‌موده‌ست شاڵاوی گرتن و ڕاونان ده‌ستیپێکرده‌وه. فروهه‌ر که وه‌ک مرۆڤێکی تێکۆشه‌ر و چالاک ناسرا بوو، بڕیاڕی گرتنی درا.
ماوه‌یه‌ک خۆی شارده‌وه. سه‌ره‌نجام له ماڵی هاورێیه‌کی دۆزییانه‌وه و گرتیان و به شێوازێکی زۆر دڕندانه تێی به‌ربوون و به‌ره‌و زیندانیان برد.
له زینداندا که زانییان مرۆڤێکی سه‌رسه‌خت و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕه، ئه‌وپه‌ڕی سوکایه‌تیی پێکرا و دووچاری سه‌ختترین ئازار و ئه‌شکه‌نجه بووه‌وه. به‌ڵام ئه‌و چه‌شنی مرۆڤی ئازا و دلێر خۆی ڕاگرت و چۆکی دانه‌دا.
چه‌ند ساڵێکی له زیندانه پیس و سه‌خته‌کانی ته‌ورێز و قه‌سری قه‌جه‌ریدا به سه‌ربرد. پاشان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک شۆڕشگێڕی دیکه‌دا ڕه‌وانه‌ی دورگه‌ی خارک کرا و چه‌ند ساڵی له‌وێش به‌سه‌ر برد.
له‌و زیندانه پیس و دژاوارانه‌دا توشی نه‌خۆشی سیل بوو. باری ته‌ندروستی تا ده‌هات به‌ره‌و خراپی ده‌چوو. ده‌رامه‌تیشی زۆر کز بوو. به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک جاران خۆڕگر و ئازا و دلێر بوو. باکی له زیندان نه‌بوو، مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌که‌ی له هه‌موو شتێک زیاتر به‌لاوه گرینگ بوو. حه‌زی ده‌کرد به‌رده‌وام هه‌واڵی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خۆازی گه‌له‌که‌ی بزانێ و ئاگای له گۆڕانکاڕێیه‌کانی کوردستان و ناوچه‌که بێت. ساڵی 1967 که نه‌خۆشێکه‌ی ته‌واو کز و لاوازی کردبوو، ئازاد کرا.
له‌به‌ر ده‌ستکورتیی نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌هاباد و دوا ساڵه‌کانی ژیانی له‌وێ به‌سه‌ربه‌رێت. ئه‌وده‌م ئیبراهیمی کوڕی له زانکۆی تاران فه‌رمانبه‌ر بوو، بۆیه بڕیاریدا خۆی و هاوسه‌رکه‌ی هه‌ر له تاران له ماڵی ئیبراهیمی کوڕی بمێننه‌وه.
له‌و ساڵانه‌دا سه‌رباری نه‌خۆشی و نه‌داریی، هه‌واڵی شکسته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد و کێشه‌ی نێوان حیزب و لایه‌ناکانی کوردستان و شه‌هید بوونی ده‌یان کادری ئازا و تێکۆشه‌ری کورد، ئه‌وه‌نده‌ی‌تر خه‌م وپه‌ژاره‌یان زیاد کردوو ته‌واو شه‌که‌ت ببوو. تا سه‌رنجام به‌و هه‌موو ئازار‌و ژانه‌وه لە رێکەوتی 1973.04.01 دا به‌و گشت بیره‌وه‌رییه تاڵانه‌وه له تاران دڵی له لێدان که‌وت. کۆمه‌ڵێک له کورده‌کانی تاران، به‌رێز و حورمه‌ته‌وه ته‌رمه‌که‌یان له گۆرستانی به‌هه‌شتی زه‌هرا ناشت و له مزگه‌وتێکی گه‌وره‌ی تاران، پرسه‌یان بۆ دانا.
حوسێن فروهه‌ر کوڕێک به ناوی ئیبراهیم و دوو کچ به ناوی سوهه‌یل و زه‌ها و له گه‌ڵ ژنه فیداکار و دڵسۆز و ئه‌مه‌گناسه‌که‌ی که ناوی خه‌دیجه‌ی فه‌یزییابی بوو، له پاش جێ‌ما.
جێگه‌ی داخه که هه‌موو لایه‌نێکی ژیان و تێکۆشانی ئه‌م مرۆڤه شۆڕسگێره بۆ ئێمه ڕوون نیه. له‌گه‌لێک ڕیگاوه هه‌وڵمداوه که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت په‌یوه‌ندیی به ئیبراهیمی کوڕی یان یه‌کێک له کچه‌کانییه‌وه بکه‌م و زانیاریی ورد ده‌رباره‌ی بیۆگرافیی حوسێن فروهه‌ر ده‌ستبخه‌م و سه‌رله‌نوێ به زانیاریی پێویسته‌وه ده‌رباره‌ی بنوسمه‌وه. چونکه تێکۆشان و ڕۆڵی دلێرانه‌ی ئه‌و له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستان دا ئه‌وه‌مان له‌سه‌ر پێویست ده‌کات چی دیکه له بیری نه‌که‌ین و له‌لاپه‌ڕه‌ی پڕ له سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌ماندا جێی شیاوی خۆی بۆ بکه‌ینه‌وه.
بۆ نوسینی ئه‌م وتاره سودم له‌م کتێبانه وه‌رگرتوه:
1ـ دوکتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملو، چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی، فه‌سڵی سێ‌هه‌م، چاپی یه‌که‌م، 1991
2- که‌ریمی حسامی، له بیره‌وه‌رییه‌کانم، به‌رگی یه‌که‌م، سوید، 1986.
3- غه‌نی بلوریان، ئاڵه‌کۆک، سوید، 1997.
4- هێمن، تاریک و ڕوون، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی پێشه‌وا، به‌غداد، 1974.
5- خاطراتی زینده‌گی پڕماجرای دکتور ئاسو، مقدمه و توضیح: محمود پدرام (زوزان)، مهاباد، 1995.
* کاک جه‌لیل گادانی له نامه‌یه‌کیدا که له1997.05.22 دا نوسیویه‌تی و بۆی نا‌ردوم، ڕووناکی خستوه‌ته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی ژیان و تێکۆشانی حوسێن فروهه‌ر و زۆر سودم له‌و نامه‌یه‌ش وه‌رگرتوه.
داوا له‌و به‌ڕێزانه ده‌که‌م که زانیاری‌یان ده‌رباره‌ی بیوگرافیی حوسێن فروهه‌ر هه‌یه، یاخود وێنه، نامه یان ده‌ستنوسی ئه‌و شک ده‌به‌ن، له ڕێگای ماڵپه‌ڕی (شەهید)وه ئاگادارم بکه‌ن و منیش پڕ به‌دڵ سوپاسیان ده‌که‌م و له جێی خۆیدا ئاماژه بۆ هاوکارییه‌که‌یان ده‌که‌م.
جوتیار حاجی تۆفیق