حاجی عەلی موتەفیق‌ئەدیب

کورتەیەک لە ژیاننامەی حاجی عەلی موتەفیق‌ئەدیب ناسراو بە عەلی چاپەز
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ھەتاوی، حاجی عەلی موتەفیق ئەدیب ، ناسراو بە عەلی چاپەز بە ھۆی پیری و پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٨٨ ساڵی دا لە وڵاتی دانماڕک کۆچی دوایی کرد .
حاجی عەلی یەکێک لە تێکۆشەرە ناسراوەکانی ناوچەی سەردەشت بوو کە لە ھەردوو دەورانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دا بوێرانە خەباتی کرد و تێکۆشا و بۆ تاکە ساتێک لە خزمەت کردن بە حیزب و گەلەکەی ڕانەوەستا. لە سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی دا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتدا گیرا و خرایە بەندیخانەوە، بەڵام زیندان و ئاوارەیی بوون بەھۆی ئەوەی حاجی عەلی زیاتر لە پێشوو بە گوڕ و تینی زیاترەوە بێتەوە مەیدانی تێکۆشان و قۆڵ بۆ خەبات هەڵماڵێ .
حاجی عەلی باوکی شەھیدی حیزب و گەل شەھید حەسەن ئارپیجی، ناسراو بە حەسەن چاپەز، ڕۆڵەی بەوەفای ڕێبازی کوردایەتی و شۆڕەسواری حیزبی دێموکڕات. نەک تەنیا کوڕێکی بەڵکو ھەموو بنەماڵەکەشی تێکەڵی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوون و لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بۆ پارێزگاری لە خاک و نیشتمانەکەمان چەکی شەڕەفیان کردەشان و بەکردەوە لە مەیدانی خەبات دابوون .
ناوبرا مرۆڤێکی نیشتیمان پەروەر، دڵسۆز و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو .
ساڵەکانی ٤٦ ، ٤٧ حاجی عەلی لەگەڵ شەھیدان سلێمان موعینی و مەلا ئاوارە و سمایل شەریفزادە چەکی پێشمەرگایەتی ئەکاتە شان و بە کردەوە دێتە مەیدانی تێکۆشان، ھەر لەو کاتە بە دواوە پەیمان و بەڵێنی دەدا کە ڕۆڵەیەکی بە ئەمەگی گەل و حیزبەکەی بێ و بە حەق تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار و قاییم بە بەڵێنییەکەی لە مەیدان دا مایەوە.
سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧ی ھەتاوی دووبارە حاجی عەلی ھەروەک پێشوو دەستەملانی شۆڕش دەبێتەوە و چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوەشان و بە درێژایی چەندین ساڵ شۆڕشی چەکداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕژیمی کۆۆنە پەرستی ئیسلامی ئێران تێکۆشا. ماڵ و دیوەخانی هەموو کات بنکە و بارەگای حیزب و جێی حەسانەوە و حەوانەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.
پاش پەرەگرتنی تێرۆر و کوشتنی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوور کوردستان، حاجی عەلی و بنەماڵەکەی ناچار بوون ڕوو لە هەندەران بکەن و لە وڵاتی دانمارک گیرسانەوە، بەڵام دوای هاتنیان بۆ دانمارک بۆ جارێکی دیکە بە تێکڕای بنەمالەکەیانەوە دەستیان کردەوە بە خەبات و بۆتاکە ساتێکیش لە حیزب و شۆڕش دانەبڕان.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت