محه‌ممه‌د عه‌زیز عه‌زیزی

یادی 25ی ساڵەی شەهید بوونتدا بابە گیان!!

بابە منم کچەکەت موژدە. دەمهەوێت باسی تۆ بکەم ، تۆیەک کە تەنیا جارێکیش نەمدیتوی، بۆتۆ دەنووسم
دەمهەوێ باسی تۆ بکەم، تۆیەک کە تەنیا من تەمەنم چەند مانگێک بوو له‌ نازی خۆت بێبه‌شکردم. هێشتا بێستانت زۆر ساوا بوو کە وەک کۆترێکی سپی لە شەقەی باڵت دا و بەرەو ئاسمان ڕێگات گرت و لەسەرەتای پاییزدا بەرەو کۆچێکی ئەبەدی و بێ گەڕانەوە.
کۆچت خستە پاڵ کۆچی مەلە تیژباڵەکان و هەموو سەرەتای بەهارێک چاوەڕوانی گەڕانەوەی کۆچی تۆم، چاو لە ئاسمان ده‌بڕم، پۆل پۆل مەلەکان دەژمێرم و ئاهێکی ساردو دیسان چاوەڕوانی بەهارێکی تر.
بابە لێم دڵگیر مەبە کە نەمناسیوی، چۆن تۆ پێشمەرگەی و پێشمەرگایەتی ئەوینەو بۆ ناسینی تۆ دەبێ ئەویندار بی ، که‌چی پێشمەرگە لە کوێ و من لەکوێ!! 
هەر پێم دەڵێن باوکت زۆر قارەمان بوو ، لەمەیدانی خەبات دا وەکوو شیر بوو ، کاتیک داگیرکەرانی وڵاتەکەم ناوی حەمە عەزیزیان وەبەر گوێ کەوتبا جەستەیان وەلەرزە دەکەوت، زۆر پێم دەڵێن تۆ بەدوای پلەو پایەدا نەبووی، روح سووک و خوێن شیرین بووی ، ماڵی دنیات بەلاوە گرینگ نەبوو ، ژن و ماڵ و منداڵی خۆت زۆر خۆش دەویست ، بەڵام قەت ئەو خۆشەویستیە نەبوو بە ڕێگرێت لەبەردەم خەباتە ڕەوایەکەت بۆ ڕزگای ئەو میللەتەی کە باوەڕت بوو دەبێ ڕۆژێک ئەویش خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ بێت و ئازادانە بژیت، دەڵێن حیزب و گەلەکەت بەلاوە زۆر خۆشەویست بوو و خۆشەویستیەکی لەڕادەبەدەرت بۆ کوردو کوردستان هەبوو، دایکم دەڵێ کە گەورەترین ئاواتت ئەوە بووە کاتێک کە کوردستان ئازاد بوو ببیتە بە شوان و ئەوکاتیش هەر وەک پێشمەرگایەتی لەگەڵ کۆسارو سروشتی کوردستان یارو هاودەم و پشت و پەنای یەکتر بن و بە ئازادی ژوانی ئەو دارو دەوەنانە بکەی کە لەکاتی پێشمەرگایەتیتدا خۆشترین کۆشک و یاری وەفاداری شەو ڕۆژت بوون.
بابە دەزانی لەسەرتۆ کەمیان نوسیوە؟ کەمیان لەسەرتۆ بۆ باس کردووم؟ حەز دەکەم تا له‌توانامدا هەیە هاوار بکەم ڕووبکەمە هەموو ئەویندارانی وشەی پیرۆزی پێشمەرگە و هەموو هاوسەنگەرانی تۆ، تاکو لەسەر تۆ بۆم بنوسن و تۆ بناسم، تاکو وەکو منداڵێکی نازنەدیوی بێ باوک بەڵکو بۆ تەنیا جارێکیش بێ نازی باوکایەتیت لە دێڕ بەدێڕی هەر نوسراوەیەک کەلەسەر تۆ نوسرابێت هەست پێ بکەم…… 
بابە گیان زۆر چاک لە بیرمە کاتێک کە منداڵ بووم زۆربەی ئێواران لەگەڵ هاوڕێکانم دەچووینە دەرەوەی ماڵەکانی هێزی گیاڕەنگ و سەرقاڵی کایە دەبووین، کاتیک خۆر ئاوا دەبوو و سێبەر باڵی بەسەر ماڵاندا دەکێشا هەر هەوو منداڵانی هێز چاوەڕوانی هاتنەوەی باوکیان لە مەقەڕ دەکرد و خۆشی کایە و یاری کردنی ڕۆژانەیان دەکردە هاودای باوەشی گەرمی باوکیان و هێندێکیان بە باوەشەوە و هێندیکیشیان لەسەر شانی باوکیان ماڵئاوایان لەمن دەکرد و دواتریش من بە یەک دنیا بیرکردنەوە، هەڵکێشانی هەناسەی سارد دنیایی منداڵیم بەجێ دەهێشت و لە ڕێگای ماڵەوەدا چاو بە فرمێسک دەکەوتمە بیری تۆ کە دەبێ کەی بگەڕێیەوە .
بابە گیان هێشتاش زۆر جاران کە بیر لە تۆ دەکەمەوە دڵم تەنگ دەبێ و خەم سەرتاپای جەستەم دادەگرێت و کۆڵەگری لە گەرومدا قەفیز دەبێ . حەز دەکەم بتبینم و لەباوەشم بگری بەڵام نا……………..
بابە گیان حەزم دەکردن ئەگەر هەر هیچ نەبا گۆڕەکەت لە نزیک خۆم بایە و کاتێک کە دڵم دەگیرا هاتبامە سەر گۆڕەکەت و دەردەدڵم لەگەڵدا کردبا، پێم بگوتبای کە ئێستاش هیوا و خۆزگەکانت هه‌ر لەجێگای خۆیانن و کوردستانیش هەر وا ژێر دەستە، بەڵام دڵنیابە کە خۆزگە و ئاواتەکانت ڕۆژێک وەدی دێن و ئەو ڕۆژەش دێت کە من بتوانم ئازادانە بێمە سەر گۆڕەکەت و بەدەم ئاودێرکردنی گوڵە شلێرەکانی سەرگۆڕەکەت کوڵی دڵمت بۆ هەڵڕیژم و دڵنیاشم کە تۆش باوکی هەرگیز نەمرم گوێڕایەڵی دەردەدڵەکانم دەبی و دووری نێوان من و تۆ کۆتایی پێ دێت و بەیەکەوە بە گوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب کوڵ و قینی ساڵەها دووری لە یەکتر دەکه‌ینە ئاگرێک و دەیدەینە بەر جەستەیی ئەو دوژمنانە کە کوردستانیان وەک زێدی خۆمان بە ئێمە ڕەوا نەدی و هەر لە کوردستان لەسەر زێدی خۆم منیان لە نازی تۆ بێ بەش کرد و هەر لەسەر ئەو زێدەش نەک بە شەهید کردنت وازیان لێتهێنا ، بەڵکو دوای شەهید کردنیشت بە جارەهای جار کێلی گڵکۆکەتیان شکاند .
بابە گیان ئەی ماڵی کۆچکردووم ، ئەی ئەستێرە گەشەی شەوانی تەنیایم خۆزگەی من ئەوە بوو تەنیا جارێک بمدیتبای، ناوم بردبای و تۆم ناسیبایە یا لانیکەم بمتوانیبا سەردانی گۆڕەکەت بکەم.
جارێکی دیکەش هاوارم بۆ هەموو نوسەرو ڕوناکبیران کە هەموومان با بەیەکەوە پێنووس و خامەکان بخینە گەڕ و دەفتەری بیرەوەری شەهیدانی کوردستان بە یادو ناویان بڕەنگینین و قارەمانی و شۆڕشگێڕیان بکەینە داستان تاکو نەوەی دواڕۆژمانی لێ بەش نەکەین.
وەرن با بەیەکەوە ساڕیژی برینی یەکتر بکەین و بەیەکەوە داری سەربەستی کوردستان بە ئاوی خۆشەویستی و ئەوین و بەیەکەوە ژیان ئاودێر بکەین.
موژدە عەزیزی 2010.10.01 

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت