عهوڵا زهبیعی
گەلی کورد لە مێژووی پر لە هەورازونشێوی خۆی دا زۆر رووداوی ناخۆش و دڵتەزێنی بە خۆیەوە دیوە ولە پێناوی سەربەستی و دابینکردنی ئازادی و مافی یەکسانی بۆ گەلە بەش خوراوەکەی،زۆر رۆڵەی بەلیمەت وکارامەی بە کاروانی ئازادی و سەربەستی بەخشیوە.
زۆرن ئەو قارەمانانەی لە کاتی تەنگانەدا بوونە هیوا و ئومێد بۆ گەلەکەیان و ئازایانە سینگیان دایە پێش و پەیکەری ستەمیان خستە لەرزینەوە و لەو رێگایەدا گیانیان فیدای ئازادیی نیشتیمان کرد و بوونە قۆچی قوربانیی وڵات. یەکێک لەو رۆڵە ئازا و تێکۆشەرانەی گەلەکەمان، نەمر و ناودار،عەبدوڵڵا زەبیعی ،ناسراو بە میرزا عەوڵای نێشکۆڵان کوڕی حاجی سمایل لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٤ هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٤٥ی زایینی کە لە کارەساتی شەڕی براکوژیدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
یەکەم جار کە شەهید “میرزا عەوڵا”م ناسی!
زۆر دەمێک بوو لە رێگای بنەماڵەکەمانەوە ناوی “عەوڵا زەبیعی”م بیستبوو، لەبەر ئەوەی میرزا عەبدوڵڵا کوڕە پووری دایکم بوو ، ساڵی ١٣٦١ هەواڵم بیست کە کاک میرزا عەبدوڵڵا بۆتە فەرماندەری ناوچەی ئالان و بە مەئموریەتێکی تایبەتی رێگای لە گوندی قەلەڕەشێ کەوتووە. بنکەی ئێمە ئەوکات لە مەدرەسەی گوندی قەلەرەشێ دابوو، من ئەو کات زۆر منداڵ بووم و ئاقڵم بە زۆرشت نە دەشکا.
کۆبوونەوەی فەرماندەکان لە ماڵی رەسوڵی حاجی حەمە حەسەنی زاوای کاک کوێخا رەسوڵ و برای شەهیدان کاک عومەر و کاک ئەبووبکر بوو. لەبەر سەربزێوی و وشیاری سەردەمی نەوجەوانی منیان بۆ پەزیرایی بانک کردبوو، سەرەتا کۆمەڵێک پێشمەرگە هاتن و بەخێرهاتنمان کردن.من نەمدەانی کامیان میرزا عەبدوڵڵایە، لە ناو میوانەکاندا پیاوێکی قۆچاغ و پاک و خاوێن کە کڵاو و جەمانێکی زۆر جوانی لەسەر نابوو، بانگی کردم گوتی:” کاکی پێشمەرگە ماسی بە چی دەژی؟” منیش بێ بیرکردنەوە گوتم بە لیتە، فەرمووی کەوایە لیتەم بۆ بێنە تۆمز پیاوە جوانچاکەکە میرزا عەوڵایە و تینویەتی.
ئەوە یەکەم جار بوو،کە ئەو ئینسانە تێکۆشەر و ماندوویی نەناسەم ناسی و زۆر بە ئیفتیخارەوە لەو رۆژەرا پێوەندی گەرم و گوڕم لەگەڵ ئەو فەرماندە خۆشەویستەی گەلەکەمان پەیدا کرد و ئەو یەکترناسینە تا رۆژی شەهید بوونی واتا ١٩٨٥.٠٦.٢٩،لە نیزیک ” کانی شەکرە”ێ دەشتی “شلێر ” لە ناوچەی سەقز بەردەوام بوو و لەو رۆژەشدا هەر لە پەنای بووم.
میرزا عەبدوڵڵا زۆر سیفەت و ئەخلاقی شۆڕشگێری تێدا بوون کە تاریفکردن و نووسینیان لە توانا و قەڵمی کۆڵی مندا نییە و دەبێ نووسەر و رووناکبیر و شاعیران لەسەر گەورەی و ئیمان و بیروباوەڕی ئەو گەورە پیاوەی گەلەکەمان بنووسن، بەڵام من ئیشارە بە چەند خاڵێک دەکەم.
شەهید میرزا عەبدوڵڵا بە مانای کەلیمە شۆرشگێر و نیشتیمانپەروەر بوو، ئینسانێکی پاک و دڵپاک و دڵ ئاوالا و کراوە بوو. لە کاتی بەرپەرسایەتیدا هەمیشە بە شێعر و قسەی خۆش کۆبوونەوەکانی دەست پێدەکرد و هێز و ورەی بە هاوڕێیانی دەبەخشی. لە ناو خەڵکدا تا بڵێی خۆشەویست و جێگای باوەڕ بوو و لەگەڵ هەموو چین و توێژەکاندا دۆستایەتییەکی گەرم و گوڕی هەبوو و کلیلی چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی ناوچە بوو.
من لە خودی شەهید میرزا عەبدوڵڵام بیستووە ناوبراو لە کوردستانی رۆژهەلات تنها تا پۆلی پێنجی سەرەتای دەرسی خوێندووە. ناوبراو لە ساڵەکانی ٤٧،٤٦ دا پێوەندی بە شۆرشگێرانی دێمۆکراتوە دەگری و دەست بەکاری سیاسی دەکات، هەر لە نێشکۆڵانیش کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دێتە پێشەوە و بەو دوو هۆیەوە ئاوارەی کوردستانی عیراق دەبێ و لە قەڵادزێ و دەوروبەری دەگیرسێتەوە و دەست بە کاری سیاسی و خوێندن دەکاتەوە و تا سەردەمی راپەرینی گەلانی ئێران بە دژی رێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی شۆرشگێرانی دێمۆکرات لە کوردستانی عیراقەوە بۆ رۆژهەلاتی کوردستان و دەستیان بە خەبات و تێکۆشان کردەوە، کاک میرزا عەوڵاش هەر ئەو کات گەرایەوە و جالاکانەتر لە جاران هاتەوە میدان و ئەرکە حیزبیەکانی رادەپەراند.
بەئازایەتی و تێکۆشانی بێوەچانی زوو پلە تەشکیلاتیەکانی بڕی و بوو بە فەرماندەیەکی مودیر و لێهاتوو، هاوینی ساڵی ١٣٦٤ بەرانبەری بە ١٩٨٥ میلادی بوو، بنکەکانی ئێمە لە گوندی”گەڵالە” بوون، رۆژێک ئێمەیان کۆ کردەوە و گوتیان سەفەرێکی دوورودرێژتان لەبەرە . ئەو کات کاک میرزا عەبدوڵڵا جێگری فەرماندەری هێزی موعینی ئەو کات بە فەرماندەهی کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵی بوو، هەر ئەو رۆژە دەستەی یەک، دەستەی دوو و دەستەی سێ لە لکی سێی شەهید سمائیلی سەلیمی کۆ کرانەوە و بەرەو دەفتەری سیاسی کە ئەو کات لە ناوچەی سلیمانی لە نیزیک کاریزە لە گوندی گەورە دێ بوو وەرێ کەوتین.
فەرماندەی گشتی کاک میرزاعەبدوڵا بوو. فەرماندەرانی تر شەهید حەمەعەزیز و کاک سمکۆ مەحموودزادە نەمر کاک حەمەدەمینی بناوێ، کاک ئەحمد خانزادی بێوران و کاک عومەری قادری و چەند کەسی تر بوون کە بە داخەوە ناوی هەموویانم لەبیر نەماوە.
دوای شەوێک مانەوە لە دەفتەری سیاسی،شەهید”دوکتۆر قاسملوو”ی نەمر لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەبارەت بە سەفەری ئێمە پێکیان هێنابوو، فەرمووی”ئێمە شەڕی کۆمەڵەمان پێ ناخۆشە، بەڵام ئەوان دەست بەردار نابن و دەبێ دیفاع لە خۆمان بکەین، بەو حاڵەش ئێمە ئێوە نانێرین بۆ شەر و لشکرکێشی بۆ سەر کۆمەڵە ناکەین، تەنیا دەمانهەوێ کۆمەڵە تێبگات کە ئێمەش دەتوانین دیفاع لە خۆمان بکەین”. دوای ئەو کۆبوونەوەیە ئێمە دەگەڵ بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی ئاربەبای بانە بەرەو قووڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرێ کەوتین.
دوای رێگا برینێکی زۆر وتێپەراندنی گوند بە گوندی ناوچەی بانە سەرنجام لە ناوچەی سەقز سەرمان وەدەرنا.
لە درێژای رێگا دا کاک میرزاعەوڵا چەند جار کۆبوونەوەی پێ کردین و رێنوێنی بە سوودی پێ دەداین.
لە داوی چەند شەو و رۆژ رێگابرین و ماندوبوون سەرنجام گەیشتینە ناوەندی “ئاژوان”کە لە لای خۆرهەڵاتی دەشتی پان و بەرینی “شلێر” لە دۆڵێکدا برێک چادر و کەپریان دروست کردبوو.
ئەوکات کاک بابەعەلی مێهرپەروەر بەرپەرسی بوو، لەو سەروبەندەدا نازانم چە رۆژێک بووکە بەرەو کانی شلێر”کە لە بەرزایەکانی بەردەرەش و دەشتی شلێر هەلکەوت بوو وەرێ کەوتین، دوای چەند رۆژ مانەوە لەو شوێنە و چەند شەری چوک چوک دەگەڵ کۆمەلە و شەهید و برینداربوونی چەند پێشمەرگە، رۆژێک لە گوندەکانی دەوروبەرەوە هەواڵیان هێنابووکە
کۆمەڵەکان لە دۆڵێک دا لە پشتی گوندی بەردەرەش کۆبوونەوە و خەریکی دارشتی پلانی هێرەشن بۆ سەر ئێمە، ئەو کات هێزێکی زۆر لەو شوێنە کۆ ببۆوە و ” وەک هێزی بێستون بە فەرماندەهی شەهید ” شاپوری فیروزی”ناوەندی ئاژوان و هێزی موعینی، دەگەڵ سێبەر شۆران ئەو پێشمەرگانە سازمان دران و بە سێ دەستە دابەش بوون و بەرەوشوێنی مەبەست واتا شیو و دۆڵەکانی بەردەرەش وەرێ کەوتین، شاخەکان کێوماڵ کران هیچ خەبەر نەبوو، دەستەی شەهید میرزا عەوڵا کە خۆشم دەگەڵ ئەو دەستە بووم، کەوتبووینە خوار دوو دەستەکانی تر، بەو شێوە ئێمە لە ناکاو لە هەموان زیاتر لە دۆڵەکە و لە شوێنی کۆمەڵەکان نیزیکتر بە بووینەوە.
هێشتا ئێمە کۆمەڵەکانمان نەدیبوون کە دەستەی نێوەراست چەند دەسترێژێکی لە پێش ئێمە لە دۆڵەکە کرد و هاواریان کرد” ڵیرە دان ” بەو شێوە تەقە دەستی پێ کرد.
ماوەی تەقەکە زۆر نەبوو، ئێمەش لە شوێنەکە زۆر نیزیک بووین، کاک میرزا عەبدوڵا هەر فەرماندەهی دەکرد و جارجاریش تەقەی دەکرد، ناوبراو لە ناوپۆڵە بردێکدا بوو، هەر ئەوەندەمان زانی نارنجۆکێک لە لای کاک میرزا عەبدوڵا تەقییەوە و هاواری کرد و گوتی من بریندارم . لە راستیدا لە بیرم نەماوە کی و چەند کەس لەوێ بوون، من کە چوومە سەر سەری کاک میرزا عەبدوڵا زۆر بە تووندی لە لای سینگیەوە بریندار ببوو، تیمەکانی دەرمانی کە خۆشم یەکیک لەوان بووم، نەمانتوانی کارێکی زۆر ئەنجام بدەین، دوکتۆر عوسمان میهرپەروەریش”لە ئێمە دوور بوو، کاک میرزا عەبدوڵا هەر دیگوت لێمگەرێن با نوێژ بکەم و جارجارێش داوای ئاوی دەکرد،مەخابن کار لە کار ترازابوو و هەموومان مات و مەلوول دامابووین، بەو ئێوارە کاک میرزا عەبدوڵامان لەسەر شان و پیلان بەرەو بەرزاییەکان هەڵدەکێشا کە لە گەڵ هەر هەنگاوێک مەرگ زیاتر هەڕەشەی لەو شێرە کورەی دێمۆکرات دەکرد.
بە داخەوە دوای چەند سەعات بەربەرەکانی دەگەل مەرگ ، سەرنجام ئەو ئینسانە تێکۆشەر و ماندووینەناسەی رێگای رزگاری نەتەوەکەمان تێکەڵ بە کاروانی دوورودرێژی شەهیدانی دێمۆکرات بوو. رووحی شادو رێگای پرڕرێبواربێت.
رۆژی دوایی جەنازەی ئەو سەرکردە تێکۆشەرە لە سەرشان و پیلی هاورییانی گوێزرایەوە بۆ شوێنێکی نادیارو لە پەنای گۆری نۆ شەهیدی تر بە خاکی پیرۆزی نیشتیمان سپێردرا. لەو سەفەرەدا زۆر کارەساتمان بە سەرهاتن، بەڵام لە دەستدانی
میرزا عەوڵا و پۆلێک شەهیدی سەربەرزی دێکە کە هەر لەو سەفەرەدا گیانیان پێشکێش بە ئازادیی نەتەوەکەمان کرد، لە هەموو دەردەکان کاریگەرتر بوون، روحیان شادو رێگایان پر رێبوار بێت.
رەحمان ئیبراهیم زادە
وڵات سویس ٢٠١٦.١٠.٢٨