سه‌روان ئه‌حمه‌د جاویدفه‌ر

ئه‌حمه‌د جاویدفه‌ر کوڕی محه‌ممه‌د، ساڵی1951 له‌ ئاوایی قونقه‌ڵای ناوچه‌ی شاروێرانی مه‌هاباد دا له‌ دایک بووه‌.تا وه‌رگرتنی دیپڵۆمی ئاماده‌یی له‌ مه‌هاباد ده‌رسی خوێندووه‌، و پاشان له‌ زانکۆی ئه‌فسه‌ریی تاران وه‌رگیرا. پاش ته‌واو کردنی ده‌وره‌ی زانکۆی ئه‌فسه‌ری وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی لێهاتوو له‌ ریزی ئه‌رته‌ش دا جێگیر بوو
سالی1979 پاش هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌ سه‌ر گه‌لی کورددا وه‌ک ڕۆڵه‌یه‌کی دڵسۆزی ئه‌م گه‌له‌ هاته‌ نێو ریزی تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ده‌فته‌ری سیاسی حیزب بۆ به‌ تواناتر کردنی هێزی پێشه‌وا کاک هه‌ژاری به‌ جێگری فه‌رمانده‌ری ئه‌و هێزه‌ دیاری کرد. چه‌ند رۆژ دواتر واته‌ .1980.10.21 له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک دا لـــه‌ ئاوایی ده‌رمان سه‌ر به‌ شارستانی مه‌هاباد که‌ به‌ به‌شداریی فه‌رمانده‌رانی پێشمه‌رگه‌ی هێزی پێشه‌واو کۆمیــــته‌ی شارستانی مه‌هابادو نوێنه‌رانی ده‌فته‌ری سیاسی پێک هات،کاک هه‌ژار به‌ فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا دیاری کــراکه‌ پێشوازی گه‌رمی لێ کرا.


هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا زیاتر له‌ ساڵێک و چه‌ند مانگ وه‌ک فه‌رمانده‌ری هێزی پێشــــــــه‌وا و ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد درێژه‌ به‌ خزمه‌ته‌کانی بدا،به‌ڵام هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ڕۆڵێکی گرینگ وکاریگه‌ری له‌ رێکخستن و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی کارلێهاتوویی پێشمه‌رگه‌کانی ناوچه‌ی مه‌هاباددا گێڕا.
ڕۆژی 1981.12.09کاک هه‌ژار له‌ کۆنگره‌ی پێنجه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستان دا به‌ ئه‌ندامی کۆمیــته‌ی ناوه‌ندیی حیزب هه‌ڵبژێردرا.
کاک هه‌ژار دوو ڕۆژ دوای هه‌ڵبژێرانی به‌ ئه‌ندامه‌تیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مانه‌وه‌ له‌ پۆستی فه‌رمانده‌ریی هێزی شه‌هید پێشه‌وادا مه‌ئمووریه‌تی پێ درا که‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا بۆ یارمه‌تیدان بــه‌ کۆمیته‌ی شارستانی بانه‌و هێزی شه‌هیدانی وردیی ئه‌وکاتی بانه‌ که‌ ناوچه‌که‌یان به‌ توندی که‌وتبووه‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری به‌ربڵاوی هێزه‌کانی رێژیم بچێته‌ ناوچه‌ی بانه‌.کاک هه‌ژار به‌ مه‌به‌ستی خۆئاماده‌ کردن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و مه‌ئموورییه‌ته‌ له‌ شوێنی کۆنگره را به‌ره‌و ناوچه‌ی مه‌هاباد گه‌ڕایه‌وه‌. ڕۆژی1981.12.12 بۆ ماڵ ئاوایی له‌کاک یۆسف سازواری و هاوڕێیانی که‌ حه‌وت رۆژ بوو شه‌هید کرابوون، له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی له‌پێش دا دارێژراو،جه‌ماوه‌رێکی زۆر له‌ زۆربه‌ی گونده‌کانی شاروێرانه‌وه‌ له‌ گورستانی شه‌به‌ک کۆبونه‌وه‌، کاک هه‌ژار بۆ یه‌که‌م‌جار له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆدا بریاری حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ سه‌ر دروشمی ڕوخانی رێژیمی کۆمـاری ئیسلامی ئیران ڕاگه‌یاند. ئه‌و بریاره‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی به‌شداران به‌ره‌وڕوو بوو.
به‌ گه‌یشتنی کاک هه‌ژار بۆ ناوچه‌ی بانه‌و شوێنی تێکهه‌ڵچوونی هێزه‌کانی ڕێژیم و پێشمه‌رگه‌، له‌ عه‌مه‌لیاتێکـــی قاره‌مانانه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزی شه‌هیدانی وردی دا، هێزه‌کانی ڕێژیمیان تێک شکاندو ناچار به‌ پاشه‌کشه‌یــان کردن. به‌ڵام له‌ کاتی پاشه‌کشه‌ی به‌کرێگیراوانی تاران دا ڕۆژی1981.12.12کاک هه‌ژارکه‌وته‌ به‌ر گولله‌ی دوژمنانی ئازادی و دڵی بۆ هه‌میشه‌ له‌ لێدان که‌وت و ماڵ ئاوایی له‌ وهاوسه‌نگه‌ران و حیزبه‌که‌ی خواست.


ڕۆژی1981.12.15له‌ نێو خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆشه‌ویسته‌کانی دا له‌ گۆڕستانی ئاوایی لاچین به‌ خاکی پاکــــی کوردستان ئه‌سپێردرا. هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاکی و ڕێگای گه‌یشتن به‌ ئاواته‌کانی پڕ ڕێبوار بێ.

……………………………………………………………………………….

هــــــــــــه‌ژار هــــه‌ر مـــــاوه‌ 

ئـاشق ــ ساڵی1981 

له‌ کوردستانی خوێناوی سه‌رانسه‌ر ده‌نـــــــــــــگی ناڵین دێ
له‌چاوی خه‌ڵکی دڵ پڕخه‌م به‌ ڕێژنه‌ ئه‌شک و ئه‌سرین دێ 

ڕه‌شی پۆشیوه‌ شــــــــــــامات و له‌ ده‌شتـــــی قاره‌مانانیش* 
بڵێسه‌ی ئاوری تــــــــــۆڵه‌ له‌ گه‌ڵ گرفــــــه‌ی ڕق و قین دێ 
هـه‌ژاری قاره‌مان، ڕۆڵه‌ی به‌ جــــه‌رگی حیزبی دێمۆکڕات 
هه‌ژار ئه‌و شێره‌پیاوه‌ی به‌ختیــــــــاریی کوردی بوو ئاوات 

هــــــــه‌ژار پێشمه‌رگه‌که‌ی ئازا، هه‌ژار فه‌رمانده‌ری لێزان 
له‌ ڕێـــی ڕزگاری‌یا سینگی وه‌به‌ر ده‌سڕێژی دوژمن هات 
هه‌ژار هه‌ر ئه‌و هه‌ژاره‌ی ژینـی خۆی به‌ختی خه‌باتی کرد، 
له‌ ڕێــــگای خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌ڵاتی کرد، 

به‌ ته‌نیا ڕۆحـــــــــــی مابوو تاقه‌ ده‌سمایه‌ی گرینگیی خۆی 
ئه‌ویشی نایه‌ سه‌رده‌ســـــت پێشکه‌شی حیزب و وڵاتی کرد 
به‌ڵام با چـــــــــــــــــاک بزانێ دوژمنی داگیرکه‌ری به‌دفه‌ڕ 
گوڵاڵه‌ی ژینی پێـــــشمه‌رگه‌ هه‌ر ئه‌و کاته‌ی ده‌بێ په‌ڕپه‌ڕ، 

که‌ خوێنه‌ ئاڵه‌که‌ی ده‌ڕژێ له‌ هه‌ر قه‌تـــــــــــره‌ و تنۆکێکی 
هه‌زار پێـــــشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌ستن ده‌چن بۆ شۆڕش و بۆ شه‌ڕ 
له‌ هه‌ر شوێنێـــــــــکی کوردستان ئه‌گه‌ر به‌ردێکه‌، دارێکه‌ 
له‌ نێو کێو و چیـــــــــــاکانمان ئه‌گه‌ر ئه‌شکه‌وت و غاریکه‌، 

له‌ نێوهه‌ر ســــه‌نگه‌رێکا سه‌د کوڕی پێشمه‌رگه‌ دانیشتوون، 
که‌ ڕۆژی تـــــۆڵه‌ هه‌ریه‌ک شوانه‌یه‌ک، هه‌رکام هه‌ژارێکه‌ 
هه‌ژاری قاره‌مـــــــان ڕۆیــــــی، به‌ڵام ڕێگه‌ی له ‌به‌رچاوه‌ 
که‌ مامـــــــــۆستا شه‌هید بوو، خۆ قوتابیی مه‌دره‌سه‌ی ماوه‌ 

ئه‌ویـــــــنداری خـــــه‌باتین، شه‌رته ‌ دوژمنمان قه‌ڵاچۆ که‌ین 
که‌ تینــــــــــــــــووی شۆڕشین، قه‌ول و به‌ڵێنی تۆڵه‌مان داوه‌ 
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 
*” شامات” و “شاروێران” دوو ناوچه‌ی مه‌هابادن‌. مه‌به‌ست له‌ “ده‌شتی قاره‌مانان” یش ده‌شتی شاروێرانه‌. خه‌ڵکی شامات و شاروێران زۆر بوێر و خۆڕاگر بوون، هه‌ر بۆیه‌ ده‌شتی شاروێران به‌ “ده‌شتی قاره‌مانان” ناوبانگی ده‌رکردبوو

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت