رەسووڵ پایموزد

کورتەیەک لە ژیان و تێکۆشانی مام فەقێ رەسوڵی پایموزد 
فەقێ ڕەسووڵ لە ساڵی ١٣٠٩هەتاوی (١٩٣٠) زایینی، لە ئاوایی کولیجی ناوچەی بەربنەی پیرانشار- خانێی ئەوکاتی- لە دایک بوو. بەداخەوە زوو دایکی لەدەست چوو. پتر خێزانی ئامۆزاکەی بەخێوی کرد. نابراو منداڵ بوو کە کولیجیان جێ هێشت و لە گوندی کەڵەکین نیشتەجێ بوون. لەکاتی تەمەنی خوێندن دا- کە ئەو کات ٧ سال بوو- لەبەر نەبوونی قوتابخانە لە کەڵەکین، لە حوجرەی فەقیان وەبەر خوێندنیان نا. 
لە حوجرەی فەقێیان و بەشێک لە مزگەوتەکان دا، مامۆستایانی ئایینی بە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆیی رەزا شا، هەوڵیان دەدا. بە تایبەتی نەمر مەلا خەلیلی گۆڕەمەری بە دژی جل‌وبەرگی یەک دەستی ناکوردی و کڵاوی پەهلەوی و تێکۆشانی نەمر ئەمەر پاشا بۆ نەهێشتنی لاوان بۆ ئیجباری- بە ناوی سەربازی- کەش و هەوایەکی دژبەری رێژیمی دروست کردبوو. حوجرەکان لەو هەڵوێستەدا، زۆر چالاک بوون. رەسوولی مێرمنداڵ لەوکات دا، مێشکی بە هەستی کوردایەتیی و نیشتیمان‌پەروەری گۆش کرا. 
ئەو شەڕی دوویەمی جیهانی، رووخانی پەهلەوی یەکەم، دامەزرانی کۆمەڵەی ژێ کاف و دواتر حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەڵکردنەوەی ئاڵای کوردستان و راگەیاندنی کۆماری کوردستان و پێکهاتنی هێزی پێشمەرگەی دیتن یا بیستن و لەنێو ئەو فەزایەدا، گەورە بوو. 
لە دوای کوودێتای پەهلەوی دوویەم و زوڵم و زۆری ئاغاکانی مڵکدار و ژاندرمەکانی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، پێشتریش ساواکوژ کردنی کۆمار و بەسەدار داکردنی سەرداران پێشەوا قازی و هاورێیانی و کۆمەڵێک لە تێكۆشەرانی سیاسیی ونیزامی کۆمار، کاک رەسووڵی لاو، قۆڵی هیممەتی بۆ خەبات و تێکۆشانی نهێنی و پڕمەترسی‌ هەڵماڵی و لە ١٣٤٠ (١٩٦١) وە تێکۆشانی لە شانەکانی حیزبی دێموکرات دا، دەست پێکرد. 
لەو دەورەیەی خەباتی دا، سەرەڕای ژیانی سەخت و تاقەت‌پڕۆکێنی دیهات، لەگەڵ چەند هاوڕیی کاری کۆمەڵایەتیی و چارەسەری گیروگرفتەکانی خەڵکیان لە ژێر رێنوێنی حیزب دا، ئەنجام دەدا. تەبلیغات بۆ شوڕشی ئەیلوول و یارمەتی کۆکردنەوەش بۆ درێژی ئەو بزووتنەوەیە ئەرکێکی پێ‌ئەسپێردراوی دیکەیان بوو، کە بە باشی بەڕێوەیان دەبرد. 
زەبر ویکەوتنی جێی داخی تەشکیلاتی سەرانسەری حدک و زیندانی کرانی ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی دێموکڕات لە لایەک و تێکۆشانی بەرچاوی، فەقێ رەسوڵی خێزان و مناڵدار و جێی کەوتوو، لە لایەکی دیکە، بوونە هۆی کەوتنە ژێرچاودێریی پاسگاە و ئەمنییەتی ناوچە و وەشوێن پێ کەوتنی. ماوەیەک بە نهێنی ژیا و تێکۆشانی درێژ دا. بەڵام بەهۆی گوشار زۆر ناچار بوو لە ساڵی ١٣٤٥ (١٩٦٦) پەڕێوەی گەرمین بێ و تێکەڵ بە تێکۆشانی ئاشکرای پێشمەرگەکانی حدک لە ناوچەی باڵەکایەتی بوو. 
دوای نسکۆی ١٣٥٤ (١٩٧٥) و شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونی تێکۆشەرانی پارتی و بەتایبەتی بارزانییەکان، فەقێ ڕەسووڵی پێشمەرگەی دێموکڕات و بنەماڵەکەی لەگەڵ سێ هاوڕێی لە گرتووخانەی هەولێر زیندانی و دوای ماوەیەک تەحویلی ئێران درانەوە. ماوەیەکش لە زیندانی کرماشان و ورمێ بوون. پاشان ئازاد دەبێ و لە پیرانشار نێشتەجێ دەبن. زۆر بە سەخت ودژواری و بە هاوکاری سەیدزادە نازنینی رەسووڵی هاوسەری – کە لە هەموو قوناخەکانی ژیانی یار و یاوری بوو و چوار منداڵ، دوو کچ و دوو کوڕی بە نەداری و هەژاری گەورە کردبوو – ژیانیان دروست کردەوە. 
پێش ناڕەزایەتیەکانی دژی شا (پەهلەوی دوویەم)، فەقێ رەسووڵ لەگەڵ تێکۆشەرانی نهێنی دێموکڕات پێوەندی گرتەوە و چالاک بوونەوە. لەو قۆناخەش دا، سەرەرای بەشداری لە خۆپێشاندانەکان و چارەسەری گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکان، لەبەرەبەری رووخانی دەسەڵاتی رێژێمی سەرەڕۆی شایەتی دا، لە چەک کردنی پاسگاکانی ناوچەکەیان و دانانی بنکەکانی حدک زۆر چالاکانە بەشداری کرد. 
فەقێ ڕەسووڵ لە قۆناخی سێیەمی تێکۆشانی دا، لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩)، بەرپرسی پاسگای سنووری تەمەرچیان، لە ١٣٥٩، کادری ناوچەی بەربنەی پیرانشار، لە ١٣٦٠، بەرپرسی زیندانی ژمارە ٢، لە ١٣٦١ و ٦٢، بەرپرسی تداروکاتی ناوچەی دۆڵەتووی سەردەشت و دواتر هەتا ساڵی ١٣٧٥ (١٩٩٦)، کادری بەشی پێوەندییەکان لە قەڵادزێ، راینە و کۆیەی باشووری کوردستان بوو. 
مام فەقێ لەساڵی ١٩٩٦ خانەنشین کرا. لە ١٩٩٨ لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵەکەی چوون بۆ نوڕوێژ. کوڕەکانی پەڕێوەی ئەمریکا بوون. لە ماوەی ١١ ساڵی دوایی تەمەنی لە تاراوگە دا، ئەندامی تێکۆشەر و وەفاداری حیزبی دێموکڕات بوو. لە ٢٠٠٩، بەدوای نەخۆشی‌یەکی ماوەدار دا،حاجی فەقێ ڕەسووڵی پایموزد – ئەو مرۆڤە پێشمەرگە و کادری دێرینەی حیزبی دێموکرات- لە نەخۆشخانەی شاری کونگسوێنگەری نۆروێژ، بۆ هەمیشە چاوی لەسەریەک دانا و دڵە گەورە پڕ ئومێدەکەی لە لێدان کەوت. 
یادی مام فەقێ رەسوڵی پایموزد و هەموو نەمران و شەهیدانی رێی ئازادی کورد و کوردستان، بەرز و بەڕێز بێ. 
لە لایەن بنەماڵەی نەمرەوە، ١ ی مارسی ٢٠١٨ زایینی، بەرانبەر بە ١٠ ی رەشەممەی ١٣٩٦ ی هەتاوی.

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت