عه‌بدوڵڵا ته‌به‌رزه

قه‌ڵای‌ قه‌ڵات
پێشكه‌شه‌ به‌ گیانی‌ پاكی‌ شه‌هیدان عه‌وڵا‌ ته‌به‌رزه‌, مراد‌ ره‌حیم زاده‌و سه‌لاح‌ خزری‌

سه‌ره‌تای‌ پاییزه‌و هێشتا خێڵ به‌ره‌و خوار نه‌بوونه‌ته‌وه‌. درشت و وردی‌ خه‌ڵكی‌ نیشتمانی‌ گڕو خوێن و خه‌باتم هه‌روا چاوه‌ڕوانی‌ پێِش قه‌تاری‌ هێنه‌ری‌ بووكی‌ رزگاری‌ و به‌ختیارین. هێشتا برینی‌ سه‌ردڵی‌ دایكان قه‌تماغه‌ی‌ نه‌به‌ستوه‌, هێشتا كۆرپه‌ی‌ له‌به‌ر شریخه‌ی‌ چه‌كی‌ كوردكوژان راچه‌نیو, له‌ژێر باڵی‌ فریشته‌ی‌ هێمنی‌ و ئاسووده‌یی‌ ئۆقره‌ی‌ نه‌گرتوه‌. په‌شێو هه‌روا چاوه‌ڕوانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بابه‌ی‌ ده‌ست پڕه‌و په‌خشان چاوه‌كانی‌ هه‌روا كه‌یلی‌ تاسه‌ی‌ دیتنه‌وه‌ی‌ ئیلهامی‌ ژینن.
له‌ ئاراراته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زێدی‌ فه‌رهاد, تا ده‌گاته‌ یادگاره‌كانی‌ زه‌رده‌شتم له‌ هه‌ورامان, هه‌مووی‌ ده‌ڵێی‌ دیلی‌ ته‌له‌سمی‌ بێ‌ده‌نگین. رواڵه‌ت بینان چ ساویلكه‌ن. نا, چ نه‌فام و هێڕ و گێژن كه‌ نازانن هه‌مووی‌ مینی‌ رق و كینه‌ هاكا ته‌قی‌ و قه‌ڵای‌ سه‌هۆڵینی‌ دژی‌ لێك هه‌ڵ ته‌كاند.
وا چوار سواری‌ له‌وان سوارانی‌ به‌ ده‌مار, تاسه‌ی‌ دیتنه‌وه‌ی‌ ئازیزان, خۆزیای‌ تینی‌ نێوباوه‌شی‌ خۆشه‌ویستان, گڕی‌ ویستی‌ رامووسینی‌ خاكی‌ زێد و تینی‌ وته‌ی‌ ئاگرینی‌ یار له‌ جێژوان, له‌ ناوچه‌كانی‌ پیرانشار به‌ره‌و قه‌ڵاتی‌ مه‌نگوڕانی‌ هێناون. كورد كوژان پێ‌یان زانیون و هه‌رچوار لایان لـێ‌ته‌نیون. هاتوون هه‌تا دیسان تاوان بخوڵقێنن.
ویشكیی‌ مێشكی‌ تاوانباران تۆوی‌ ئه‌زموونیش ناهێنێ‌. هه‌ر فێر نه‌بوون رۆڵه‌ی‌ ئازای‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كه‌و نیه‌ بیگرن. ده‌یان ره‌وه‌ جاش و پاسدار ورووژاون و به‌ ئاوایی‌ قه‌ڵات وه‌ر بوون. هاتوون هه‌تا چوار كورد, چوار پێشمه‌رگه‌ی‌ گه‌ل و نیشتمانم بگرن.
به‌ڵام كاكه‌… ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ دوێنێ‌ له‌نێو شاری‌ سنه‌ بژی‌ حیزبی‌ دێموكڕاتی‌ كه‌وته‌ به‌ر گوێ‌, ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ پێرێ‌ له‌ شاره‌كه‌ی‌ قازی‌ بژی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بیست, ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ چه‌ند رۆژ پێشتر هه‌ر له‌ شاری‌ پیرانشار دا, بژی‌ كورد و بمرێ‌ دوژمنی‌ گوێ‌ لـێ‌بوو. به‌ هیچ توانایه‌ به‌ چۆك دانایه‌.
ته‌نیا ماڵێك له‌ قه‌ڵات دا بۆته‌ قه‌ڵا. شه‌ڕی‌ نابه‌رامبه‌ر گه‌رمه‌ و قه‌ڵا سه‌خته‌. له‌نێو قه‌ڵا دیسان بڕیار سه‌ر دانانه‌ نه‌ك نه‌وی‌ كردن, له‌ ده‌ره‌وه‌ش هه‌رسینگ و سه‌ری‌ داخ له‌ دڵانه‌و ده‌كه‌وێته‌ به‌رسێره‌ی‌ ده‌رزی‌ هه‌ڵگری‌ پێشمه‌رگه‌و زه‌رگه‌ته‌ی‌ گولله‌ هیلانه‌ی‌ تێدا ده‌كا.
بێ‌ده‌نگی‌ باڵی‌ به‌ سه‌ر ئاوایی‌ قه‌ڵاتی‌ مه‌نگوڕان دا كێشاوه‌ته‌وه‌. تاقه‌ قه‌ڵاكه‌ تێك ته‌پیوه‌و هه‌ركه‌س سه‌یری‌ ده‌كا, ئه‌و دیمه‌نه‌ی‌ دێته‌وه‌ به‌ر چاو كه‌ سێ‌ گیانی‌ پیرۆز بوون به‌ سێ‌كۆتر, دوو له‌وێ‌ و یه‌ك له‌ ده‌رێ‌ به‌ره‌و ئاسمانی‌ نه‌مری‌ له‌ شه‌قه‌ی‌ باڵیان دا.
ئێستا خۆشه‌ویستانی‌ شۆڕه‌سواران له‌ پیرانشارو ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ ره‌ش پۆشن و تازیه‌دارن.
به‌ربنه‌و به‌ری‌ مێرگان و ده‌شتی‌ قوڕێ‌ و لاجان و كۆنه‌خانێ‌ و هه‌مووی‌ ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ش وه‌ك سه‌رانسه‌ری‌ كوردستان بێ‌ده‌نگن. رواڵه‌ت بینان چ ساویلكه‌ن. نا, چ نه‌فام و هێڕ و گێژن كه‌ نازانن هه‌مووی‌ مینی‌ رق و قینه‌و هه‌ربینا ته‌قی‌ و قه‌ڵای‌ سه‌هۆڵینی‌ تاوانباران و دوژمنانی‌ لێك هه‌ڵ ته‌كاند.

بێ‌به‌ش

ووشەیەک یا ناوێک بنوسە کە بەدوایدا دەگەڕێیت