avatar

به‌ڵگه‌


به‌ڵگه‌
له‌ کوردستان،
له‌ ناوه‌ندی گڕ و هه‌ستان
له‌ لووتکه‌ی چیای نه‌وه‌ستان
له‌ هه‌ر که‌ل و نسارێکی
له‌ هه‌ر گوندێک و شارێکی
له‌ سه‌ر هه‌ر بسته‌ هه‌ردێکی
له‌ پاڵ هه‌ر تاته‌ به‌ردێکی

بوێرییه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌
بۆ مێژووی گه‌لمان به‌ڵگه‌یه‌

له‌ کوردستان،
به‌ره‌ی به‌زمی به‌ره‌نگاری
ڕووباری بیری ڕزگاری
له‌ هه‌ر گرتووخانه‌یه‌کی
له‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کی
له‌ هه‌ر دۆڵ و له‌ هه‌ر شیوێک
له‌ هه‌ر قوژبن و په‌سیوێک

بوێرییه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌
بۆ مێژووی گه‌لمان به‌ڵگه‌یه‌

له‌ کوردستان،
پشکۆی به‌تینی تێکۆشان
مه‌کۆی بوێری و کۆڵنه‌دان
له‌ گوێ هه‌ر چه‌م و ڕووبارێک
له‌ هه‌ر مێرگ و مێرغوزارێک
له‌ هه‌ر هه‌ڵدێر و چڕێکی
له‌ ناو هه‌ر بێشه‌ و خڕێکی

بوێرییه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌
بۆ مێژووی گه‌لمان به‌ڵگه‌یه

له‌ کوردستان،
چیای چڕی خۆڕاگری
هه‌ڵۆی سپی و به‌رزه‌ فڕی
له‌ ناو هه‌ر بێستان و ڕه‌زێک
له‌ ناو قوڕگی هه‌ر ڕه‌وه‌زێک
له‌ هه‌ر جاڕ و په‌رێزێک دا
له‌ ناو هه‌ر مه‌ته‌رێزێک دا

بوێرییه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌
بۆ مێژووی گه‌لمان به‌ڵگه‌یه

له‌ شیعره‌کانی شه‌هید جه‌لیل ڕه‌حیمیان. "لاوان"ی ژماره‌44 ڕێبه‌ندانی 1991
تایپ کردنه‌وه‌ و ناردن: هه‌یاس کاردۆ
هه‌یاس کاردۆ – ئوستڕالیا – 2011.07.05
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی