avatar

شێرە ژن


شێرە ژن
شارەکەمان، شارە بچووک و تووک لێکراوەکەمان سەقز یەکێکە لەو شارە کاولانەی کوردستان کە لە مێژووی تاریک و پڕ کارەساتی خوێناوی خۆیدا گەلێک جار تووشی پەلاماری دڕندانەی دوژمن و تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و هەڵات هەڵات و سووتمان ،خاپوور کران و چۆل بوون بووە. ڕووی خۆشی کەمتر بە خۆیەوە دیوە دەتوانم بڵێم هەر نەیدیوە.بەڵی شەقز شارێکی تووک لێکراوە. تەنانەت پاش تێکچوونی حکوومەتی ڕەزاخان پاش فەوتانی ئەو قازاخە چەکمەڕەقە و ئەو دیکتاتۆرە خوێنمژە کە خەڵکی ئێران پشوویەکی هاتەوە بەر و ئاهێکی خۆشی لە دڵی گەڕا دیسان سەقز شوومترین و ڕەشترین ڕۆژانی تاریخی ڕابوارد.
ئەڕتەشی شاهەنشاهی پەهلەوی کە دەیانگوت ئاسمانی بە سەرنێزەوە ڕادەگرێ و زەوی لە بەر پێیدا دەلەرزێ لە ڕاست سپای هاوپەیماناندا بەری فوویەکی نەگرت.دەستی بۆ چەک نەچوو،تاوێکی بەربەرەکانی نەکرد،وەک تۆوی هەرزن بڵاو بوو، وەک بڵقی سەرئاو پووچاوە. چەک فڕێدان. بەجلی ژنانەوە ڕاکردن و خۆ لە تەویلەی ئاغا و دەرەبەگان ئاوێتن، تاکتیکی ئەو فەرماندە لووت بەرزانە بوو کە خەڵکیان بە دیل و کۆیلەی خۆیان دەزانی و لە سەردەمی دەسەڵاتی بیست ساڵەی ڕەزاخاندا کاریان زگ دڕین و گیرفان بڕین و هەژار چەوساندنەوە و دارا ڕووتاندنەوە بوو. بەلام ئەو قارەمانانەی کە لە لێقەومانەکەی شەهریوەر دا دەمانچە و شمشیرەکانیان بە چارشێوێکی ژنان دەدا و چەکمە بریقەدارەکانیان بە کەڵاشێکی کرچ و کۆن دەگۆڕییەوە و باقیشیان دەداوە و خۆیان دەشاردەوە و لە بەر دەستی خەڵک، خەڵکی تووڕە و داخ لە دڵ هەڵدەهاتن،نازانم چۆن بوو پاش ماوەیەکی کەم سەروسەکوتیان لە سەقز پەیدا بۆوە؟ نە حەیا و نە شەرم، وەک نە بایان پێدا هاتبێ نە بۆران، بە بەرگی بە زەرق و بەرقەوە، بە سەردووشی مەنگوڵەدارەوە، بە چەکمەی ڕەش و خرینگە خرینگی مامزانەوە وەک ڕۆمێل لە خەیابانەکانی سەقز دا بە گەڕان و خۆ بادان و قەمچی هەڵسووڕاندن و پۆز لێدان.
بێجگەلە ڕۆمێلەکانی خۆ وڵاتی و خۆماڵی قیافەی نامۆ و سەیر سەیریش وەبەرچاو دەهاتن. ئەفسەری سوورە زرتە و قەڵەو و درێژ و زەلام، سەربازی ڕەشی،لاوازی مردەلۆخە، وا دیار بوو بێگانەن، هێندێکیان لەو بەری دەریاوە بۆ پاراستنی خۆیان هاتوونە ئێرە ئەوانی دیکەش لەئاسیای دوورەوە ڕست کراون و بە زۆری زۆردار هێنراونە ئەم وڵاتە کە لە پێناوی سوودی "ساحێب" دا ببنە قۆچی قوربان.
من ئەو دەمی نا کە مێرمنداڵێکی چاو نەکراوە بووم، بەڵکە ئێستاش کە هەزار پەند و گۆڵمەزم بە سەر هاتووە و زۆرم چەرمەسەری و کوێرەوەری و دەربەدەری دیوە هیچ سەرم لە زاراوەی لەشکری دەر ناچێ. بەڵام لە بیرمە ئەو کەسانەی لەو سەردەمە دا سەریان لە سیاسەت دەخورا و دەمیان لە شتی وا وەردەدا دەیانگوت:
وەزعی ستراتێژیکی سەقز ئەوە هەڵدەگرێ. دەیانگوت هۆی گرینگی چارەڕەشی ئێمە هەڵکەوتنی جوغڕافیایی ئەم شارەیە. دەیانگوت سەقز دەروازەی کرماشان و قەسری شیرین و تەنانەت ئەو دیوی سنووری ئێرانە کە کانگا نەوتەکانی دەربەست لەدەستی ساحێب دان. دەیانگوت شەپۆلی تووڕەیی و بیری دژی ئیمپریالیستی خەڵکی ئێران و جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئەم وڵاتە نەترەی ئیمپریالیسمی بردووە و مەترسی گەورەی بۆ ئیستیعمار پەیدا کردووە. زۆر شتی دیکەیان دەگوت کە من سەرم لێ دەرنەدەچوو و تێی نەدەگەیشتم.دەیانگوت هەر بۆیەش ئیستیعمار ناچار بووە ئەم ئەڕتەشەی بە دەستی خۆی تەفر و تونای کردبوو سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و گەورەکانی بکاتە نۆکەری خۆی و لە سەقز مۆڵیان بداتەوە. چونکە مردووی خۆیەتی و بە دەستی خۆی ناشتوویەتی و دەزانێ چییە و تێی ڕانابینێ دەس بکاتەوە،ئەم سوورفلانەی هێناوە نەخشەی بۆ بکێشن و ئەم دیلانەی هێناوە پشتی بگرن و خەریکە بە هەموو هێزی خۆی ئەم دەروانە،بپارێزێ.
لەو سەروبەندانە دا کە ئێمەی خەڵکی لێقەوماوی هەژاری سەقز لە ژێر جەزرەبە و ئەشکەنجەی ئەڕتەشی شاهەنشاهی و ئاغاکانیدا لە ئاویلکەی گیان کێشاندا بووین، جووڵانەوەی ئازادیخوازی لە سەرانسەری ئێراندا برەوی ئەستاندبوو بەتایبەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ڕۆژ بە ڕۆژ زنجیری کۆیلەتی لە دەس و پێی گەلەکەی دەپساند و بەن کەڵەوەی نیری دیلی هەڵدەبڕی و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئاڵاهەڵگری خەباتی گەلەکەمان،بە ڕابەری ڕۆڵەی بڵیمەت و هەڵکەوتی کورد پێشەوای خۆشەویست قازیی موحەمەدی نەمر، تەنگی بە ئیستیعمار هەڵچنیبوو و ڕەگوڕیشەی لە هەموو لایەک دا کوتا بوو و، لک و پۆپی بۆ هەموو مەڵبەندێکی کوردستان هاویشتبوو.
ڕێکخراوی حیزبی شارەکەی ئێمەش سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی لە پێشدا بوو،لە ژێر چاوەدێری توندی شا و ئیستیعمار دا ئازایانە خەباتی دەکرد و ژیرانە چالاکی دەنواند و پەیوەندی نهێنی و بەردەوامی دەگەڵ مەرکەزی حیزب لە مەهاباد نەدەپچڕا و پەیکەکانی حیزب بە شەو و نیوەشەو هەر لە هاتوچۆ دا بوون، بەیاننامە و ڕۆژنامەکانی حیزب بە نێو خەڵکدا بڵاو دەکرانەوە.
پاش ئەوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە یەکجاری سەرکەوت و کاربەدەستانی تارانی لە موکریان و ئەولاتریش دەرپەڕاند و جمهووری کوردستان دامەزرا،هێزی گەل و پێشمەرگە گەمارۆی سەقزی دا ئیتر حکوومەتی تاران بە جارێکی زراوی تۆقی و حەزیای برینداری ئیستیعمار بە تەواوی ئاوڕووژا و گەزارەی دەرکێشا و ژەهری پیسی خۆی بە سەر ئێمە دا ڕژاند.ڕۆژ نەبوو پۆلێک لاو نەگیرێن،نەخرێنە بەندیخانەوە یا بەڕێ نەکرێن بۆ پشتی جەبهە.شەو نەبوو دەستەیەکی دیکە خۆ ڕزگار نەکەن و پەنا نەبەن بۆ کوردستانی ڕزگارکراو کە ئامێزی بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەموو ئازادیخوازێکی جیهان ئاواڵا بوو،لەو لاشەوە ئەو دەرەبەگ و خاین و خۆفرۆشانەی کە حیزب دەرتانی خەیانەت و خراپەی لێ گرتبوون و ماوەی نەدەدان خوێنی مسکین و هەژاران چیدی بمژن و ئێسکیان بکڕووسنەوە بە پەلە پڕووزە خۆیان لە ئامێزی شاهەنشا دەهاویشت. ئەم حەمەڕەزایەی ئەمڕۆ بێ شەرمانە دەڵێ من شای پێخواسانم و بەردی دڵسۆزی بۆ جووتیار و کرێکارلە سینگ دەدا.ئێستاش ئەو دەرەبەگانەی ئەو سەردەمی خەیانەتیان بە گەل و نیشتمانی خۆیان کرد بە زەبری نووکی نێزە دەکاتە نوێنەر و سەناتۆر.
بە کورتی سەقز بوو بە کەشتی نووح و لە هەموو تۆ و تەرەمەیەکی تێ خزا.چونکە تەویلەش نەمابوو جاشی تێ بکرێ ئاغاوەتەکانیان وەک گا و گۆل بە سەر خەڵکدا بڕی و بەزۆری لە ماڵان دایان مەزراندن. خاوەن ماڵ ناچار بوو لەو قات و قڕ و گرانییە بەسامەی کە لە کاتی شەڕ لە هەموو جێگایەک بە تایبەتی لە سەقز دا هەبوو لە زاری ژن و منداڵی خۆی بگرێتەوە و گا و گۆلی شا دابەستێ. ئەگەر ئاغا بەرچایی ڕۆنی کەرە و هێلکە و هەنگوین و مرەبا و نیوەڕۆژی چڵاوکەباب و شێوی شەوانەی گۆشت و فڕووج و قەلەموون نەبوایە و شەو چەلەشی لێ بڕابا خاوەن ماڵ پێشمەرگە یا بە قەولی ئەوان " موتەجاسیر" بوو. دەسبەجێ ڕاپۆرتی لێ دەدرا و دەیانبردە دیژبان و تێر و تەسەل دەیان کوتا و سەر و گوێلاکیان دەشکاند و زۆر جاریش بێ سەروشوێن دەچوو.
لەو سەردەمیدا کە لە سایەی خەباتی حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و زانایی و دڵسۆزیی پێشەوا و ڕابەرێکی بڵیمەت بەشێکی کوردستان هەر لە بەستێنی ئاراسەوە تا نیزیکترین گوندی سەقز ئازاد ببوو و گەلەکەمان لەو پەڕی خۆشی و ئازادی و سەربەرزیدا دەژیا و وەک دەڵێن " گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە" حاڵی خەڵکی شارەکەی ئێمە لە حاڵی کۆیلەکان گەلێک ناخۆشتر بوو.بۆیە من سەقزم نێو ناوە شاری تووک لێکراو.ڕۆژ نەبوو دیژبان،کاسب لە دووکان نەهێنێتە خوارێ وەبەر شەپانی نەدا یا گزیری ئاغا کەشیدە لە ئەستۆی چەند حاجی نەکا و ئاتەگی چەند مەلا نەبڕێ.خۆ ئەوەی ڕاوێژکاران و کارناسانی بێگانە دەیانکرد ئەگەر لە ڕووم هاتبا بیگێڕمەوە مچوڕک بە لەشی هەموو ئینسانێکی خاوەن شەرەف و بە نامووس دا دەهات.
ئیستیعمار هەمیشە لە شارەکەی ئێمەوە نەخشەی ڕووخاندنی جەمهووری دێمۆکڕاتیکی کوردستانی دەکێشا.چەند جار ئەڕتەشی شاهەنشاهی شنگڵی لە خۆی دا و هێرشی بردە سەر سەنگەری ئازادی و، بەرەنگاری پێشمەرگەی کورد بوو.بەڵام دیتمان چۆن بە شڕ و وڕی گەڕایەوە وڕقی خۆی بە ئێمەی بێ چەک و بێ دەرەتان ڕشت.
داخی بە جەرگەم گەندەڵ فێڵی ئیمپریالیزم کاری خۆی کرد و شای خایین کوتوپڕ هێرشی هێنا سەر حکوومەتی ئازەربایجان وپاش ساڵێک تەورێزی قارەمان داگیر کراوە و سێڵاوی خوێنی تێدا جاری بوو.مەهاباد قیبلەی ئاواتی نەتەوەی کورد، لە هەر چوارلاوە ئابڵۆقە درا و بێ پشتیوان ماوە.جا ئەمجار ئەڕتەشی شاهەنشاهی لە سەقزەوە بەرەو مەهاباد کەوتە ڕێ.ئەوەی نەدەبوو ببێ،بوو. کۆمارە خۆشەویستەکەمان ڕووخا،پێشەوا مەزنەکەمان بە خۆی و هاوڕێیەکانیەوە گیران.پێتان سەیر نەبێ ئەودەمیش یەکەم زەربەتی جەرگبڕ وەشارەکەمان کەوت و هەوڵ ڕیزی سێدارە لە سەقزی بێ فەڕ چەقی.
بەیانییەکی ساردی زستانی سەقز بوو،کاتێ خەڵک لە ماڵ وەدەرکەوتن چ ببینن؟! کافر نەبینێ،یازدە سێدارە چەقیبوو،یازدە ڕۆڵەی نەبەز، یازدە قارەمانی کۆڵنەدەر،یازدە پیاوی تێکۆشەری کوردیان پێوە هەڵاوەسرا بوون.بەشی زۆری ئەم شەهیدانە لە عەشیرەتی پێشکەوتوو و نیشتمانپەروەری بەگزادەی فەیزوڵابەگی بوون کە مێژوو شاهیدە ئەم عەشیرەتە لە پێکهێنانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا چ نەخشێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە.لە نێو ئەم شەهیدانە دا ئەحمەدخانی فاروقی مەزنی بەگزادان و دوو برا نۆجوانەکەی دەبینران کە هێندە لە مێژ نەبوو بە فێڵ گیرابوون و بە تاوانی کوردایەتی بێ موحاکەمە و لێپرسینەوە حوکمی ئێعدامیان درابوو.
ئەفسەرێک کە ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیاندوون لە زۆر جێیان و بۆ زۆر کەسی گێڕاوەتەوە:
نیوەشەو بۆ خۆم و چەند گرووبان لەو ژوورەی ئەو سێ برایانەیان تێدا بەند کرد بوو وەژوور کەوتم،چرایان دایسا تەماشام کرد ئەحمەدخان ئانیشکی داوەتەوە و سیغار دەکێشێ و براکانی لە خوارەوە بە ئەدەب لە سەر چۆک دانیشتوون.سام گرتمی،بە مینگە مینگ حوکمەکەم پێ ڕاگەیاندن.پێم سەیر بوو هیچیان نەبزڕکان،هیچیان ڕەنگیان نەگۆڕا و، ڕانەچەنین. ئەحمەد خان بە شێنەیی سیغارەکەی کووژاندەوە و گوتی:
"من بیرم لەوە کردبووەوە،ئەم ڕۆژەم لە پێش چاو بوو و دەمزانی لەسەر ئەم بیروڕایەی هەمە تووشی شتی وا دێم.بەڵێ، من کوردم،دێمۆکڕاتم،ئازادیخوازم، من دژی ڕێژیمی بۆگەنی پاشایەتیم و دژی دەسەڵات شوومی بێگانەم و چارەنووسی پیاوێکی وەک من لە ئێرانی ئێستا دا هەر ئەوەیە.هیچ چاوەنۆڕی بەزەییم لەو ڕێژیمە نەکردووە و ناکەم.بەڵام شایەکەی ئێوە کە لافی کۆمەڵناسی لێ دەدا،دەبوو ئەوەندەی زانیبایە ئێمە عەشیرەتین و لە نێو عەشیرەتاندا تاوان هەر ئی مەزن و برا گەورەیە چونکە برای بچووک بە پێی ڕێوشوێنی عەشیرەتی ناچارە وەدوای براگەورە بکەوێ و لە قسەی نەچێتە دەر،لە بەر ئەوە نەدەبوو حوکمی وا زۆردارانە و بێ ڕەحمانە و ناپیاوانە لە سەر براکانم بدا."
هێشتا ئەحمەد خان قسەی مابوو بیکا کە عەوڵاخان وەجواب هات و گوتی:
" کاکە گیان! کاکی بەڕێز و بەرزم! مایەی سەربەرزی بنەماڵەکەمان!زۆر جێی داخە کە لە ئاخری ژیانمدا قسە لە قسەی برا گەورەی خۆمدا بکەم و ئەم ڕاستییە بدرکێنم کە ئێمە زۆر لەپێش جەنابتدا ئەم بیرو بڕاوەیەمان پەسند کردبوو وچووبووینە نێو رێزی حیزبەوە. ئەگەر خودای نەکردە تۆش نەچووبایەی نێو ڕیزی حیزبەوە و ئەم بیروبڕوایەت قبووڵ نەکردبایە و ڕێبازی شەڕەف و کوردایەتی و ئازادیخوازیت نەگرتبایە و بۆ پاراستنی موڵک و ماڵ و شتی وا پشتت لە نەتەوەکەت کردبایە ئێمە لە ڕەسمی عەشیرەتیمان هەڵدەدا و قەت شوێنت نەدەکەوتین.بەڵکوو پێم وایە یەکەم لوولەی تفەنگ، تفەنگی پێشمەرگەی کوردستان کە بەرەو سینگی تۆ ڕادێرابایە لوولەی تفەنگی براکانت دەبوو."
حەمە خان کە تائێستا بێدەنگ بوو گوتی:
" ئەرێ ئەم کەند و کۆژەی بۆ چییە؟ هەستن هەر سێکمان بڕۆین، بەرەو شەڕەف،بەرەو شانازی،بەرەو مەرگی پیاوانە،یان باشتر بڵێم بەرەو ژیانی ئەبەدی".
ئەحمەدخان هەستا لاچاوی براکانی ڕامووسی و ئەوانیش دەستی ئەویان ماچ کرد و کەوتنە ڕێ.
تا ئێرە لە زمانی ئەو ئەفسەرە بیستراوە کە خۆشی کورد بووە.بەڵام لە بن دار دا زۆر کەس ئاگای لە ئازایەتی و پیاوەتی و نەترسیی ئەوان بووە و شیعاری کوردانە و ئازادیخوازانەی ئەم سێ برا قارەمانانەی بیستووە.
کاتێک ئەم هەواڵەدڵتەزێن و جەرگبڕە بۆ " زێڕوەشان" خانمی دایکی شەهیدەکان کە لە سەر بەرماڵ خەریکی نوێژ و دۆعا بوو دەبەن،لە پێشدا عاتیفەی دایکەتی تینی دەدا و بە نینۆک هەر دوو لا ڕوومەتە قەڵەوەکانی وا دەڕنێ کە خوێن لووزەو دەبەستێ. بەڵام زوو دێتەوە سەرخۆ و کوڵی دەنیشێتەوە و زۆر بە ویقار و ئارامی بەرەو مەیدانی ئێعدام دەکەوێتە ڕێ. لەو ئاپۆرە نیزیک دەبێتەوە کە بە خەم و پەژارە و گریانەوە کۆ بوونەوە.خەڵکەکە بە دیتنی ئەم خانمە بەڕێزە و ئەم دایکە دڵسووتاوە کە بە دەستی شا قەت کەسی نەماوە و وەجاغی کوێڕبۆتەوە لە گابۆڕ دەدەن.بەڵام ئەو ناگری،نێوچاوانی گرژ دەکاو لێوی دەکرۆژێ و سەربەستانە دەچێتە پێش. ڕێی بۆ دەکەنەوە تا دەگاتە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی کە لە دەورەی سێدارەکان کێشک دەکێشن. ئەوانیش بێ ئیختییار دڕ دەدەن.دەگاتە بن داری کوڕەکانی کەمێک لەژێڵڵا تێیان دەفکرێ و دەڵێ:
" دەک ڕۆڵە ڕووتان سپی بێ وەک ڕووی دایکی خۆتان سپی کردووە. من بۆتان ناگریم، قوڕتان بۆ ناپێوم، شینتان بۆ ناگێڕم. چونکە ئێوە پیاوانە ژیان و پیاوانە چوونە سەر سێدارە. ئێوە لە سەر دزی و پیاوکوژی و خەیانەت و جاشەتی نەکووژراون.ئێوە لە ڕێگای ئازادی مە دا، لە سەر کوردایەتی، لە سەر ئابڕوو و شەڕەف و لە پێناوی ڕزگاری ئەم گەلە زۆرلێکراوە شەهید کراون و هەرگیز بە مردووتان نازانم."
لەو حاڵەتە دا فەرماندە مچ و مۆڕەکەی سەقزیش تەریق دەبێتەوە ولێی دەچێتە پێش و سەرەخۆشی لێ دەکا،شێرە ژن بێ ئەوەی سپاسی بکا پێ دەکەنێ و دەڵێ:
" داخوا ئەم شۆڕە سوارانە دانابەزن؟"
گۆیا ئەمری شاهەنشا وا بوو سێ ڕۆژ تەرمی شەهیدەکان بە هەڵاوەسراوی بمێنێتەوە بەڵام فەرماندە وا لە بەرامبەر ئەم غیرەتەی شێرەژن دا شەرمەزار دەبێتەوە دەستوور دەدا تەرمەکان داگرن. " زێڕوەشان خانم" کوڕەکانی ماچ دەکا و لەو خوێنەی بە ڕوومەتیدا دێتە خوار لە کوڵمەیان هەڵدەسوێ،مەلایەک لەوێندەرێ دەبێ و دەڵێ: " خانم بۆ وا دەکەی؟" جوابی دەداتەوە: " مامۆستا! کوڕێکی لە من بووبێ و شیری منی خواردبێ و لە کۆشی من دا پەروەردە بووبێ دەزانم لە مردن ناترسێ... بەڵام خۆت دەزانی پیاوی بێ گیان ڕەنگی دەپەڕێ. بۆیە کوڵمەیان سوور دەکەم تا دوژمنان بیرنەکەنەوە کوڕی زێڕوەشان لە مردن ترساون!".
_____
١- ساڵی ١٣٥٠/ ١٩٧١ بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی کوشتارەکەی سەقز ئەم داستانە لە کۆڕی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا خوێندراوەتەوە و لە ژمارە ٢ی گۆڤاری "نووسەری کورد" دا چاپ کراوە.
٢- خەلیل خانی باوکی ئەم شەهیدانە سۆفیێکی بە ناوبانگ بووە، ڕەنگە داستانی حوسێنی حەلاجی بۆ خێزانەکەی گێڕابێتەوە،خوێن تێ هەڵسوونی ڕوومەتی شەهیدەکان لە داستانی حوسێن دەچێ.
هێمن
seqz47.jpg
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی