avatar

ئەو دیمەنانەی پێشمەرگە کە ئاوێتەی هەستم بووە


ئەو دیمەنانەی پێشمەرگە کە ئاوێتەی هەستم بووە

پیشمەرگە ئەو ناوە پێرۆز و موقەدەسەیە کە تاکی کورد شانازی پێوە دەکا و دەمێک ساڵە رازێنەرەوەی ئەدەبیات و کۆلتوری گەلەکەمانە. بۆ مەدح و سەنای ئەو مروڤە هەڵکەوتوو و شورشگیرە زۆر شاعیر، نوسەر، هونەرمەند و... هەستی سەرکەش و لە هەمانکاتدا خۆشەویستی‌یان بەرامبەر بە پێشمەرگە بە شێوەیەکی شیاو و لایق دەربڕیوە. تاکی کورد ئەرکی سەر شانێتی وەفا و ئەمەگناسی خۆیان پتر لە جاران دەرحەق بە فریاکەوە و نێردراوی مەعنەوی هەستە بەرز و نهینی نامەرئیکانی خۆدایانی کورد نیشان بدەن وەک هەمیشە پاڵپشتێکی پتەو و لەشکان نەهاتوو بن.
بە بروای من بە چاوی زۆربەی هەرە زۆری تاکی کورد پیشمەرگە هەر هەموویان بە رادەیەک خۆشەویست، رێزدار و لە بواری مادی و مەعنەوی لە کرین نەهاتوو و بەنرخن و هەر بویەش هەر کەس بە گۆیرەی سەلیقەو هەڵسەنگاندن و پێوانەکانی خۆی پیشمەرگە یان پۆلێک پیشمەرگەی وەک سمبۆل و ئۆلگوی خۆی دیاری کردووە. هەر بەو پێیەش بە شانازیەوە وەک تاکێکی کورد کە فەخر بە کوردبوونمەوە دەکەم، بۆ ریزگرتن لە ناو و یادی پیشمەرگە، یەکەم دەستە لە پیشمەرگەکان کە وەک مێرمنداڵیکی نۆ ساڵان ئەو سەردەمەو ئێستاش ئەوانم وەک قارەمان و پاڵەوانی داستان و چیروکەکانی میشک و خەیاڵم تەجەسوم دەکرد، یادیان دەکەم، ناویان دێنم و کرنوش دەبەم بۆ شەهیدانی مەزار ون و دیاری پیشمەرگە.
مێرمندالیکی نۆ ساڵانەی تۆزیک بزۆز و شەرانی بووم کە شۆرشی گەلانی ئیران بە ئاکام گەیشت و بەداخەوە لە لایەن ئاخۆندە شیعە جەردە و راو و روتکەرەکان و بەتایبەت خومەینی گور بە گور بە تاڵان چوو و سەد داخ و مخابن خەڵک رەنج بە خەساربوون. ماڵمان لە تەنیشت چۆمی یەرغو هەلکەوو بەرامبەر بە ماڵی شەهیدی نەمر کاک هەژار(سەروان ئەحمەدی جاویدفەر) بوو. شەهیدی فەرماندە بۆ ساز کردنی خانووبەرە، هەڵکەوتوو لە نیزیک تیرمینالی ئەوکاتی مەهاباد بە قونترات لە گەڵ بابم کە بەننا بوو پێکهاتن. منیش وێڕای "ئەبوو خوسرەوی"ی ئامۆزام جار جار لە گەڵ بابم بە ئیستلاح بۆ کار دەچووین بەڵام هەر دەردەسەر و موشکل خوڵقین بووین تا کریکار و رەنجدەر. ئاخر دو میرمنداڵی بەدفەر و قۆشمە و فەعلەیەتی؟! بەتایبەت بۆ سەرودڵی گرتنی ئەو مامە پیرەی کە بەداخەوە ناوم لە بیر نەماوە و بە دڵنیایەوە ئیستا لە ژیاندا نەماوە و سەد رەحمەت لە گورەکەی.
بەڵێ یەکەم پیشمەرگە کە دیتم و لە نیزیکەوە شانازی لە خزمەتدابوونیم هەبوو نەمر کاک هەژار بوو. ئەو مرۆڤە مەزنە جار جار سەردانی کارەکەی دەکرد و هەر چەند وەک باسم کرد قونتراتی بابم بوو بەڵام پەرۆشی کریکارەکانی بوو و رۆژانە بە تەداروکات بە کارگەرەکان رادەگەیشت و رۆژانی هەینی هەموویانی بۆ نانخواردن داوەتی ماڵی خۆی دەکرد و بە قەولی ئەوکاتی کریکارەکان ئەورۆژە :چەور" بوو کە بەداخە من جومعەیەکیان نەچووم و ئیستاش حەسرەتی لە دلمدایە.
رێکەوتەکەم لە بیر نییە بەڵام شار لە لایەن کورد کوژانی کۆیردڵ گیرابۆوە. سی رۆڵەی چاونەترسی شار کە یەکیان فەرماندەی شەهید کاک هەژار بوو بەرامبەری مالمان واتە ئەوبەری چۆمی یەرغوو و بەری ماڵی بابی کاک هەژاری نەمر لە بلوای شەهید شاریکەندی بە وریایی و قورس و قایم بەرەو مەجبوراو و پاشان سەیداوا و لاچێن و قەلای سارم بەگ وەک هەڵو لە هەڵکشان دابوون.
شار بەدەست پیشمەرگەوە بوو، منیش وەک زوربەی هەر زۆری لاو و مندالانی شار لە یەکیک لە مەفرەزەکانی شار ناو نوسیم کرد، مەفرەزەی شاهۆ بوو لە باخی سیسە کە پیم وابی کاک حەسەن حاتەمی سەپەرەستی دەکرد. هەلبەت کاک عەوڵا شیرێژی ئاموزاشم هەر لەوێ بوو. باشم لە بیرە پەرتووکخانەیەکی بچوک رازێنەرەوەی مەقەر بوو. چەند ئوردویەکیان ریک خست کە من لە گەل ئەو دەستەیە بووم بۆ لای "شیخەپۆتە" رویشتین. لە گەرانەوەدا کاک حەسەن بە ماشێنێکی جیب کە تۆپێکی 106ی لەسەر دابەسترابوو، بەرەو پیرمان هات.
لە دەست بەسەرداگرتن و خاوەنکردنی شرکەتی نەوتی مەهاباد کە لە نیزیک ماڵمان بوو، باشم لە بیرە بۆ دابەش کردنی عادڵانەی سوتەمەنی ناو شیرکەتی نەوت، کاک سەڵاح شەشە کە بە سەڵاحی حەمەدەمین شەشە بە ناوبانگ بوو لە گەڵ دەستەیەک لە پیشمەرگە لەوێ جیگیر ببوون. قەڵافەتی مێرانەی کاک سەڵاحم لە سەربانی شیرکەت پاش تەقریبەن سی ساڵ ئیستاش لە بەر چاوە.
کاک عوسمان ئەفشین کە هاوسا و جیرانمان بوو، زۆر جاران لە ناو کۆری مندالاندا بە شانازیەوە باسمان دەکرد، هاوینی 63 کە بۆ یەکەمجار هەستی کوردایەتی هانیدام بە رەسمی ببمە پێشمەرگە، ویرای ئەبوو خوسرەوی و هاورێی شەهید و ئازیزم عەلی سۆهرابی لە گوندی قۆزلوێی چوک خومان گەیاندە پیشمەرگەکان. کاک عوسمان لە گەڵ چەند پێشمەرگە لەوبەری ماڵان لە بن پۆلەدارێک دانیشتبوون، چوینە لایان، یەکەم جار نەیناسینەوە، بەداخەوە من و شەهید عەلی هەر هیچ نەماینەوە و زوو بردیانینەوە.
ئەوانە و گەلێک دیمەنی دیکە لە پێشمەرگە، هەموو کات و مەگەر مەرگ و گڵ و گۆر لە ناو مێشک و دڵمدا لە ناویان بەرێ. نازانم باسی شەهیدان چرچەی بارام میرزا و کاک شوانی مامۆستا بکەم یان قادر لوتفیانی موعەلیمم، لاپەرەکانی ژیانی برایانی سازواری، گوشوارە و کیسەکان هەڵدەمەوە یان ئاوڕێک لە ژیانی سااکاری ئەبوو ئارەزم، ئەبوو جەهانگیری، یوسف نەوایی، مەحمود بەربەری، ئەحمەد پەژمان، سولەیمان قوڵینگ، بایز لاچینی و... بدەمەوە.
با بزانیین لە داهاتوو دا، ئەو روژەی وڵات رزگار و هەوای ئازادی و سەربەستیمان لە سێبەری خوێنی شەهیدانی گەل هەڵمژی، هونەرمەندانی بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەر وەک شانۆ و سینەما، پەیکەرتاش و نەقاش، شاعیر و نوسەر چلۆن شاکار دەخۆڵقینن و وەفا و پیزانیینی خۆیان کە کەمترین پاداشە بە سەروەرانی هەمووکات سەروەر، دەدەنەوە.
دەبا نەمرانی پیشمەرگە، خدرە سور، کەریمی عەلی فەرامەز، بازید نەبەردی، عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی، عوسمان ئەمجەدی و سەدان و هەزارانی دیکە لە پانتایی هەموو کوردستانی پێڕۆز لە شومالیترین خاڵی کوردستان تا دەگاتە جنوبیترین نوقتەی کوردستانی خوشەویستی کوردان، بە خاترجەمی و ئاسودە بخەون کە گەلی کورد وەفادار بە رێباز و ئامانجیانە و ناو و یادیان ئاوێتەی مێشک و دڵمانە.

حەکیم حسین زادە 2010.12.11
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی