avatar

ئاورێکی کورت لە داستانه‌ حه‌ماسیه‌که‌ی رەزبەری ٦٧ی هێزی ئاگری


رۆژانی 17 و 18ی ره‌زبه‌ری سالی 1367 حەماسە و قارەمانەتیەکی بەرین لە لایەن هێزی ئاگریی حیزبی دێموکرات له‌ ناوچه‌ی مەرگه‌وه‌ری ورمێ هاتە ئاراوە که‌ پاش راوه‌ستانی شه‌ری مالوێرانکه‌ری ئیران و عراق رویدا.
مانگی گه‌لاوێژی سالی 1367 بوو. ئێمه‌ ده‌سته‌یه‌ک کادر و پێشمه‌رگه‌کانی هێزی ئاگری و کومیته‌ی شارستانی سه‌لماس له‌ ناوچه‌ی سۆما خه‌ریکی ئه‌نجامدانی کاری حزبی بووین. رۆژی 27 گه‌لاوێژ بوو. ئێمه لە‌ جێگایه‌ک به‌ نێوی "ناشیوان" مابووینەوە کە لە رادیۆوە بیستمان‌ خومەینی به‌ عافیه‌ت کردنی جامی ژه‌هر ئاته‌شبه‌سی قه‌بوولی کردووە. هێنده‌ پێ نه‌چو ده‌سته‌یه‌ک کادرو پێشمه‌رگه‌کانی هێزی ئاگری و مه‌ڵبه‌ندی شیمال به‌ره‌و ناوچه‌ی تەرگه‌وه‌ری ورمێ وه‌رێکه‌وتن. ئێمه‌ ژمارەیەکی که‌م کادر و پێشمه‌رگه‌کانی کومیته‌ی سه‌لماس و هێزی ئاگری به‌ جێ ماین. چه‌ند رۆژێک له‌و ناچانه‌ ماینه‌وه.‌ رۆژێک کومیسیونی سیاسی نیزامی په‌یامێکی لێ دا و داوای کرد هیچ کادر و پێشمه‌رگه‌یەکی حزب نابێ نه‌ به‌ عینوانی مه‌ئموریه‌ت و نه‌ وەک مەره‌خه‌سی لە نێوخۆی وه‌لات دا بمینێتەوە و هەموویان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان. ئێمەش‌ که‌وتینه‌ خۆ کوکردنه‌وه.‌ هه‌ر یه‌کەی بۆچونێکی لە سەر ئەو بڕیارەی حیزب هه‌بوو. نه‌مان ده‌زانی چی قه‌وماوه‌، چاکم له‌بیره‌ یەکێک لە هاورێیان ده‌یگۆت له‌وانه‌یه‌ حزب هه‌موو هێزه‌کان کوبکاته‌وه‌ و بە هێرشێکی کتوپڕ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت ئازاد بکات!
خولاسه‌ هه‌موومان له‌ "چل مێرگان" کوبووینه‌وه‌ و بە گه‌لی دریان دا به‌ره‌و مه‌لبه‌ند رێکه‌وتین که‌ خه‌به‌رمان هه‌بوو مه‌لبه‌ند له‌ کونه‌کوترێ بوو. پاشی چه‌ند رۆژ رێگا بڕین، ئێواره‌یه‌ک گه‌یشتنه‌ مه‌لبه‌ند و یه‌کترمان گرته‌وه‌. پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ لای مه‌نته‌قه‌ی تەرگه‌وه‌ر، سه‌رلکه‌که‌مان کە نێوی ئه‌فه‌ندی جه‌هانگیری بوو، ته‌سویه‌حسابی له‌ گه‌ل حزب کرد و رۆیشت. هه‌ر ئه‌و وه‌خته‌ بو که‌ کاک سلێمان که‌له‌شی و کاک ئه‌نوه‌ر و چه‌ند براده‌رێکی دیکه کە‌ له‌ زیندانی تورکیه‌ دا بوون، ئازاد کرابوون. تا ئێمەش گه‌یشتنه‌ مه‌لبه‌ند که‌ کاک سلێمان که‌له‌شی کردبویانه‌ فه‌رمانده‌ی لکی 3ی هێزی ئاگری. پاشی چه‌ند رۆژ مانه‌وه‌ له‌ کونه‌کۆتر، هێز و مه‌لبه‌ند له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ساخ ببوون که‌ جه‌ولەیە‌کی سیاسی نیزامی بۆ‌ ناوچه‌ی مەرگه‌وه‌ری ورمێ لێ بده‌ن. ئه‌و ده‌م کاک ئه‌بوبه‌کری قه‌دی کورد فه‌رمانده‌ی هێز بوو. رێکه‌وتین و پاش چه‌ند ساعه‌ت رێگابرین گه‌یشتنه‌ گۆندی نارێ که‌ ده‌که‌وێته‌ ناوچه‌ی مەرگه‌وه‌ر. پاش نان و چای خواردن کەوتینه‌ رێگا و له پردی ره‌حیم باجلانی تێپه‌ر بووین و بۆ به‌یانی گەیشتینه‌ جێگایه‌ک به‌نێوی ده‌شته‌کان.
دوانیوه‌رۆی ئه‌و رۆژه‌ بوو کە له ‌لایان دیده‌بانه‌وه‌ ئاگادار کراین‌ تویوتایه‌کی جاش و پاستار ئه‌وه‌ به‌ره‌و جێگای ئێمه‌ دێن. خۆمان سازماندا، ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ بۆیان چوون به‌لام هه‌رکه‌ چاوی به‌کرێگیراوان به‌ پێشمه‌رگه‌کان که‌وت، خۆیان پێ رانه‌گیرا و به‌ره‌و گۆنده‌کانی حەسار و کانی سپی هه‌لاتن.
قه‌رار وابوو لە ‌پایگای گوندی سورکان بده‌ین و بیگرین به‌ڵام دواتر نازانم چی روویدا کە لە لێدانی ئه‌و پایگایه‌ خۆمان پاراست.‌ چوینه‌ نێو دێیه‌که‌ و به‌ سه‌ر ماڵه‌کان دا دابه‌ش بووین بۆ نان خواردن. دیاره‌ پایگاکه‌ هه‌ر هه‌موو بێجگه ‌له‌ فه‌رمانده‌ و بێسیم چی، ئه‌وانی دیکه‌ خه‌لکی به‌ زۆر چه‌کدار کراوی ئه‌و دێیه‌ بوون. نازانم ده‌قیق سەعا‌ت چه‌ندی شه‌و بوو کە دێی سوورکان‌مان به‌ جێ هێشت و به‌ره‌و "رێلێ باوا" که‌ ده‌که‌وێته‌ پشتی گوندی باوان که‌وتینه‌ رێگا و بۆ به‌یانی که‌ رۆژی 17 ره‌زبه‌ر بوو گه‌یشتینه‌ جێ.‌ له‌وێ ماینەوە تا دوا نیوه‌رۆی ئه‌و رۆژه‌. وه‌ختایه‌ک گۆتیان بۆ نه‌رۆین لە سەر جاده‌ی مەرگه‌وه‌ر بۆ شاری شنۆ که‌مینێک دانه‌نێنن. هێنده‌ی پێنه‌چوو پێشمه‌رگه‌کا‌ن خۆیان سازمان دا و چونه‌ سه‌ر جاده‌ و ده‌ستیان کرد به‌ راگرتنی ماشێنه‌ مسافربه‌ریه‌کان. هه‌ر له‌و وه‌خته‌ دا بوو ماشینێکی ئایفای ئه‌رتەشی رێژیم کە پر بوو لە چەکدار، که‌وته‌ نێو که‌مینی پێشمه‌رگه‌کا‌ن و ته‌قه‌ی لێ کرا.‌ سه‌رنشینی ئه‌و ماشینه‌ 34 که‌س بوون و هه‌ر هه‌موویان کوژران. 34 ژ3 ش ده‌سکه‌وتی پێشمه‌رگه‌کان بوو.‌ عه‌مه‌لیاته‌که‌ زۆر کتوپر بوو. دوای عه‌مه‌لیاته‌که‌ پێشمه‌رگه‌کان بۆ هه‌مان جێگا پاشه‌کشه‌یان کرد. ئێوارێ بۆ نان خواردن و ته‌بلیغات کردن له‌ سه‌ر جنایه‌ته‌کانی رێژیم چوینه‌ گۆندی باوان و به‌ سه‌ر ماله‌کاندا دابه‌ش بووین. پاش قسه‌کردن له‌ گه‌ل خه‌لک و تۆزێک پشوودان به‌ره‌و بۆزی سینا هه‌لکشاین و گه‌یشتنه‌ پشتی گۆنده‌کانی گێسیان و چراوا و لەوێ جێگیر بووین. بۆ به‌یانی ساعه‌تی نێزیک شه‌ش و نیو بۆ هه‌فت بوو کە بێری بۆ مه‌ردۆشین ده‌هاتن، خه‌به‌ریان به‌ ئێمه‌ دا که‌ ئه‌وه‌ هێزێکی زوری دوژمن بۆ لای ئێوه‌ دێت. گۆتیان هێزەکە ئەوەندە زۆرە، دەڵێی دنیا هه‌موو بۆ سه‌ر ئێوه‌ کۆ کردۆتەوە، زوو کەن هه‌ستن. پێشمه‌گه‌کان خۆیان سازمان دا و‌ ته‌ماشامان کرد ته‌واوی چوار ده‌وری ئێمه‌ گیرا بوو. ئیمکانی پاشه‌کشه‌ نه‌مابوو. ئیدی وه‌ختی ئه‌وه‌ بوو که‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بوو خۆی بۆ شه‌ری مان و نه‌مان ئاماده‌ بکات. ده‌سته‌یەکی پێنج که‌سی پێشمه‌رگه‌ که‌ پێک هاتبوو لە سلێمان که‌له‌شی و نوسره‌ت ئه‌حمیزاده‌ و نایب خه‌یلی و عه‌بۆ له‌گه‌ل داوای لێ بۆردن که‌ ئه‌وه‌ی دیکه‌ له‌ بیرم نه‌ماوه‌، چۆنه‌ پشت سه‌ری پێشمه‌رگه‌کان. هنده‌ پێ نه‌چو هێزێکی زۆری دوژمن بۆ ئه‌و گرده‌ هاتن که‌ ئێمه‌ لێی بووین. کە‌ چاومان به‌و هێزه‌ زۆره‌ی دوژمن که‌وت، داوامان کرد‌ هێندێک پێشمه‌رگه‌ بۆ هاوکاری ئێمه‌ بنێرن. ئه‌وه‌ بوو ده‌سته‌یه‌کی هه‌شت که‌سی پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هید مه‌لاجاسم ئیسمائیلی گه‌یشتنه‌ لای ئێمه‌ به‌لام ئیدی هێزی دوژمن زور نێزیک لە سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان ببوو.‌ شه‌ری سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌ر لە نێوان هێزه‌کانی زۆری دوژمن و پێشمه‌رگه‌کان دا ده‌ستی پێ کرد. هێرش و وەدەستهاتنی پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز و به‌کرێگیراوه‌کان هێنده‌ بێ وره‌ بوون ئه‌و جار نه‌یانده‌زانی چۆن خۆیان له‌ چنگ پێشمه‌رگه‌ رزگار بکه‌ن، چونکه‌ بۆزی سینا و دالانپه‌ر ده‌یان جار ببوونه‌ گۆرستانی داگیرکه‌رانی کوردستان. هێزی هێرشکه‌ری دوژمن هه‌ر بۆ ماوه‌ی نیو ساعه‌ت به‌ ته‌واوی ته‌فرو تونا بوو و له‌ ناو چوو. ته‌نیا له‌و جەبهه‌یەی شه‌ره‌که‌دا زیاتر لە 85 که‌لاکی به‌کرێگیراوه‌کانی رێژیم که‌وتنه‌‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کان. هه‌ر چه‌ند فه‌رمانده‌رانی دوژمن فشاریان بۆ چەکدارەکانیان ده‌هێنا به‌لام ئیدی به‌کرێگیراوه‌کان وره‌ی ئه‌وه‌یان نه‌مابوو که‌ روو له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان بکه‌ن. دوژمن له‌ به‌رزایه‌کانی بۆزی سینا، گابه‌له‌ک، مێرگه‌زیاره‌ت، سوارێزه‌رێ و دالانپه‌ر و زۆر شوونی دیکه‌ جێگیر ببوو. هاوکات توپخانه‌ی دوژمن لە زۆر جێگاوه‌ خه‌ریکی توپ باران کردنی سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان بوو. ئه‌و شه‌ره‌ تا ئێوارێ درێژه‌ هه‌بوو. دوژمن کوژراو و بریندارێکی زۆر لێ که‌وته‌وه‌. چه‌ک و چولێکی یه‌ک جار زۆر ده‌سکه‌وتی پێشمه‌رگه‌کان بوو بەڵام ئاڵقەی گەمارۆ هێشتا بە یەکجاری تێک نەشکابوو.
شه‌و داهاته‌وه،‌ ئه‌و جار که‌وتینه‌ فکری ئه‌وه‌ که‌ چون ئالقه‌ی گه‌مارۆی دوژمن تێک بشکێنین و خۆمان ده‌رباز بکه‌ین. ئه‌وه‌ بوو ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌هی کاک سه‌عید یوسفی ناسراو به‌ سه‌عید گۆلێ حه‌مله‌یەکیان کرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ری جاشه‌کان و توانیان لە ماوه‌کی زۆر که‌م دا سه‌نگه‌ری خۆفرۆشه‌کان‌ تێک بشکێنن و هندێک که‌لوپه‌ل له‌و‌ێش بە ده‌سکه‌وت بگرن. له‌و شه‌ره‌ دا ئێمه‌ شه‌هید و بریندارمان نه‌بوون.
بۆ به‌یانی گه‌یشتنه‌ هێزی کێله‌شین و کومیته‌ی شنۆ. ئەوان بنکه‌که‌یان لە بنلیسا بوو که‌ ده‌که‌وێته‌ سێ سنووری ئیران و عراق و تورکیه‌. ئه‌و ده‌م به‌رپرسی کومیته‌ی شنۆ کاک عومه‌ر حامدی بوو، فه‌رمانده‌ی هێزه‌که‌یان شه‌هید کاک هه‌مزه‌ بێهنام بوو. به‌راستی کومیته‌ی شنۆ و هێزی کێله‌شین هاوکاریه‌کی یه‌کجار زۆریان له‌گه‌ل ئێمه‌ کرد. هه‌م له‌ باری ته‌داروکات و خوارده‌مه‌نیه‌وه‌ هه‌م له‌ باری گه‌شت و نیگه‌هبانی‌.
هەر لەو ماوەیەدا که له‌گه‌ل هێزی کێله‌شین لە بنلیسا بووین، رۆژێک دیتمان هێندێک خه‌به‌رنیگاری خارجی له‌گه‌ل شه‌هید کاک به‌هرام ئازادفه‌ر و هه‌ڤال ئه‌نوه‌ر و ره‌شید هاتنه‌ بنلیسا. نازانم گۆتیان ئه‌وانه‌ بلژیکینە یان وڵاتیکی دی،‌ 1 و 2 رۆژ بوو هه‌ر خه‌ریکی عه‌کس و فیلمبه‌رداری کردنی پێشمه‌رگه‌کان و ئه‌و چه‌ک و چۆڵانه‌ی که‌ لە شه‌ری دوو رۆژه‌ی ١٧ و ١٨ی ره‌زبه‌ر له‌ لایان پێشمه‌رگه‌کانی هێزی ئاگریه‌وه‌ ده‌سکه‌وت گیرا بوون، به‌لام دوایی که‌ رۆیشتن، پێموایه‌ لە لایەن حکومه‌تی تورکیه‌ گیران و ئه‌و فیلم و عه‌کسانه‌ هه‌موو وه‌رگیرابوون. جالب ئه‌وه‌ بوو لەو کاتەدا‌ ئێمه‌ خه‌ریکی جه‌وله‌ی سیاسی نیزامی بووین، ئاخۆند ریشه‌هری هاتبوو بۆ شاری ورمێ و قسه‌ کرد و گۆتی ئێستا کوردستان لە سایه‌ی سه‌ری جمهوری ئیسلامی ئه‌منه‌ و به‌ قسه‌ی خۆی به‌ ته‌واوی زیدی ئینقلابه‌کان پاکسازی کراوه،‌ هەر بە دوای ئەوە رادیو ده‌نگی کوردستانیش ته‌فسیرێکی له‌ سه‌ر قسه‌کانی ریشه‌هری و عه‌مه‌لیاتی دوو رۆژه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئاگری بڵاو کردەوە که‌ چاکم له‌بیره‌ کاک هەیاس خوێندیەوە و‌ نێوی ته‌فسیره‌که‌ ئه‌وه‌ بوو "وه‌لامێکی ده‌ندان شکێن بۆ ئاخۆندی شه‌کرشکێن".
ئه‌و عه‌مه‌لیاته لە‌ چه‌ند باره‌وه‌ گرینگی خۆی هه‌بوو: 1- ئه‌وه‌ی که‌ ئاخۆندی کونه‌په‌ره‌ست ریشه‌هری هاتبوو بۆ ورمێ و ده‌یگۆت ئیدی کوردستان ئه‌منه‌ و له‌ زیدی ئینقلابه‌کان پاک کراوه‌ته‌وه هه‌ر بۆ ئه‌و ئاخۆنده‌ و رێژیمه‌که‌ی ته‌مبیهه‌کی یه‌کجار زۆر گه‌وره‌ بوو 2- شه‌ری ئێران و عێراق‌ راوه‌ستابوو و رێژیم زوربه‌ی هێزه‌کانی خۆی له‌ به‌ره‌ی شه‌ری عێراقەوە گه‌راندبۆوه‌ کوردستان بۆ شه‌ر له‌گه‌ل هێزی پێشمه‌رگه.‌ 3- رۆژی 17 ره‌زبه‌ر لە سەر جاده‌ی مەرگه‌وه‌ر بۆ شاری شنۆ رێژیم زه‌ربه‌ی گه‌وره‌ وێکه‌وتبوو و هێزێکی زۆری له‌ شاره‌کانی دیکه‌ را هێنابوو بۆ ئه‌وه‌ی تۆله‌ی خۆی بکاته‌وه‌ به‌لام سێ ئه‌وەنده‌ی دیکه‌ی له‌سه‌ر دانا و به‌ سه‌رشۆریه‌وه‌ گەڕایەوە. 4- هێزی پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و برینداری نه‌بوو، ئاخۆند ریشهه‌ریش به‌ سه‌رشوریه‌وه‌ ورمێی جێ هێشت و به‌ره‌و تاران روشتەوە.
خۆێنه‌ری به‌رێز ئه‌گه‌ر که‌م و کوریه‌کیش لە گێڕانەوەی ئەو بیرەوەریە هه‌بێت که‌ حه‌تمه‌ن هه‌یه،‌ داوای لێ بۆردن ده‌که‌م چونکه‌ عه‌مه‌لیاته‌که‌ زور لە مێژه‌ و هه‌ر هنده‌م له‌ بیرم ماوه.
ئەبوبەکر ئیبراهیم
2010.10.01
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی