avatar

شێعرەکانم دەبنە دەنگی رۆحی نەمران


دوێشەو هەموو شێعرەکانم
دەستە دەستە خۆیان ساز کرد
تا بەربەیان بەڕێ کەون بۆ سەر قەبران
تا گوڵ دانێن لە سەر گۆڕی هەموو نەمران
***
دوێشەو هەموو شێعرەکانم
وا لەشکری رستەکانیان کۆ کردەوە
هەموو وشە جوانەکانیان جۆ کردەوە
تا بەربەیان خۆیان ساز کەن
خۆیان ئامادەی ئاواز کەن
ببنە سروود لە سەر قەبران
ببنە دەنگی رۆحی نەمران

دوێشەو هەموو شێعرەکانم
ئەو شێعرانەی خوێنیان دابوو
ئەو شێعرانەی رەنگی زەردی خۆریان تیابوو
ئەو شێعرانەی بۆ ئاشتییەکان هەوڵیان دابوو
ئەو شێعرانەی کە سەوزایی نیشتمانیان لە دڵدا بوو
بڕیاریان دا کە بەربەیان
دەستە دەستە بچنە قەبران
گوڵ دابنێن لە سەر گۆڕی هەموو نەمران
***
کە بەربەیان پێش وەی خەڵک لە خەو رابن
پێش وەی ئەستێرە ئاوا بن
بڕیاریان دا لە مەیدانی چوارچرا بن
تا گوێبیستی دەنگی بەرزی پێشەوا بن
ئینجا بڕۆن بۆ سەر قەبران
ببنە زەمزەمەی سەر لێوی رێبوارانی رێگەی نەمران
***
بەری بەیان
دوای وەی جەستەی ئەستێرەکان
لە سێدارە کرانەوە
شێعرەکانم لە چوارچرا بەرەو قەبران وەڕێ کەوتن
بوونە ئاڵاو لەو رۆژەوە لە دەڵی خەڵک شەکانەوە
لەو رۆژەوە دەستە دەستە شێعرەکانم دەچنە چیا
پاش ماوەیەک، پاش ماوەیەک گشتی دەبن بە پێشەوا

2010.04.05
نادر قازی
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی