avatar

بیره‌وه‌ری یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیم


بیره‌وه‌ری یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیم له یادی 26ی سه‌رماوه‌ز ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان
13 به‌ده‌ری ساڵی 1364(1983) مان له باغی مکایل له مهاباد به‌ یه‌که‌وه‌ کرد و ڕۆژی دواتری من چوومه‌وه ته‌عمیرگا ،به‌یانی زووکه‌ماڵ* هاته‌ دوکان و بانگی کردم.
گوتم چ باسه‌؟
گوتی حازر به‌ ده‌چین بۆ پێشمه‌رگایه‌تی
گوتم به‌و په‌له‌ په‌له‌چۆن ده‌کرێت ئه‌من ئه‌وه له کارم و لیباسی ته‌عمیرگام له‌به‌ردایه و هیچم پێنییه‌،،،
گوتی کارم به‌وشتانه‌ نییه فکرم لێکردۆته‌وه و ڕێگام دۆزیوه‌ته‌وه‌ و به ئاسانی ده‌ڕۆێن.
ئه‌گه‌ر نایه‌ی بۆ خۆم ده‌ڕۆم
گوتم زۆر باشه با فکرێک بکه‌مه‌وه خۆ له ده‌ستی وه‌ستا ڕزگار بکه‌م،
گوتی زووکه‌
گوتم زۆر باشه‌ تۆ بڕۆ من زوو دێمه‌ ده‌رێ
ئه‌و ڕۆێشتوو، دوایی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک چوومه لای وه‌ستا و گوتم وه‌ستا زگم دێشێ و ده‌ڕۆمه‌وه به‌خوا هیچی ترم کار بۆ ناکرێت.
گوتی باشه‌ بڕۆوه
زووچوومه‌ ده‌ر و گوتم که‌ماڵ یه‌کسه‌ر بابڕۆینه‌وه ماڵێ من جلی تر له‌ گه‌ڵ خۆم دێنم و داخڵه‌که‌م د‌ه‌شکێنم و ده‌ڕۆین ئه‌و کات ماڵمان له گه‌ڕه‌کی فه‌رمانداری بوو.
خۆمان گه‌یانده‌وه‌ ماڵ و چوومه‌ ژوور و داخڵه‌که‌م به‌ دزی شکاند و لیباسم گۆری و وه‌ده‌رکه‌وتم ،که‌ماڵ له کۆڵان چاوه‌ڕوانمبوو، گوتم ده‌ی بابڕۆێن.
گوتی یه‌کسه‌ر بابچین بۆ گه‌ڕه‌کی پشته‌پ و له‌وێ کاڕێژێکی لێیه که جیبه‌کان هه‌موو ده‌چن به‌ره‌وه ناوجه‌ی مه‌نگوڕان و گه‌ورکایه‌تی و ئه‌وێ پڕه له پێشمه‌رگه‌، که‌ماڵ به هۆی ئه‌وه‌که ماوه‌یه‌کی کورت بوو برایه‌کی له گه‌ڵ هێزی شه‌هید پێشه‌وا شه‌هید ببوو بڕێک ئاگاداری شوێنی پێشمه‌رگه‌کان بوو.
گوتم زۆر باشه با بڕۆین،.
خۆمان گه‌یانده کاڕێژ و چه‌ند جیبێکی لێبوو،شۆفیرێک زوو خۆی گه‌یانده لامان.
گوتی بۆ کوێ ده‌چن؟
گوتمان بۆ ئه‌و دێهاتانه‌ی سه‌رێ ده‌چین له کاری شوان و گاوانی ده‌گه‌ڕێین.
به بزه‌وه‌ ڕووی تێکردین ، گوتی هه‌تیوه ئه‌من به‌شێت مه‌زانن هه‌موو ڕۆژێ په‌نجا مندالێ وه‌ک ئێوه‌ دێ و ده‌ڵێت ده‌چین بۆ شوان و گاوانی ،ئه‌وه بۆ کاری شوان و گاوانی خڵاس نه‌بوو،ده‌زانم ده‌چن بۆ لای کوڕه‌کان(ئه‌و کات له مهاباد به پێشمه‌رگه‌کانیان ده‌گوت کوڕه‌کان) و ئه‌منیش ده‌زانم کوڕه‌کان له کوێن.
گوتمان زۆر باشه ده‌ بمانبه‌، حه‌قی شۆفیرمان دا و دوایی نزیک به‌ کاتژمێرێک ئێمه‌ی گه‌یانده‌ شوێنێک گوتی ئێره‌ ده‌راوی گوندی ( قۆزلوێی)پێده‌ڵێن چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌‌ک بڕۆن ده‌گه‌نه‌ وێ و کوڕه‌کان له‌وێن.
ئێمه‌‌ش له خۆشیان پێمان عه‌رزی نه‌ده‌گرت ده‌وربه‌ری نیوه‌ڕۆبوو خۆمان گه‌یانده قۆزلوێی خوارێ و دیتمان خه‌ڵکێکی زۆر ئه‌وه خه‌ریکی یاری فوتباڵن ، پێمان سه‌یر بوو له‌و گونده خه‌ڵک فوتباڵ ده‌که‌ن،ئێمه که لێیان نزیک بووینه‌وه دیتمان ئه‌وه پێشمه‌رگه‌ن چون یه‌ک دوو پێشمه‌رگه‌ که فوتبالیان نه‌ده‌‌کرد به چه‌که‌وه له قه‌راغیان ڕاوه‌ستابوون،سڵاومان کرد و و‌ه‌لامی سه‌لامیان داینه‌وه ،یه‌ک نه‌فه‌ر له ناو فوتباڵه‌که‌ ڕا وه‌ده‌نگ هات و گوتی فوتباڵ ده‌که‌ن ؟ گوتمان ئا ده‌یکه‌‌ین ، منیان کرده‌ گۆڵچی لایه‌ ک و که‌ماڵیشیان کرده‌ گۆڵچی لایه‌که‌یتر، نزیکه‌ی نیوسه‌عاتان گۆڵچێتیمان بۆکردن ، هێند‌ه‌مان شه‌ق وه‌لاق و ده‌ستی که‌وتپوو وه‌ک گۆجانمان لێهاتبوو .شل و شه‌وێقیان کردین و دوای فوتباڵه‌که‌ یه‌کێک که دیار بوو به‌رپرسایه‌تی هه‌بوو لێی پرسین بۆچی هاتوون؟
گوتمان بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، له وه‌ڵام دا گوتی به‌خێرێن به‌لام ئێمه پێشمه‌رگه‌ی تازه رآناگرین ده‌بێت بچنه کومیته شارستانی مهاباد، گوتمان له کوێیه‌؟ گوتی ئه‌وه له گوندی گامێشانن.
گوتمان گوندی گامێشان له کوێیه گوتی دوور نییه به ‌پێیان بچنه خوارێ و له وێ سواری ماشێنێک بن و به 10 ده‌قیقه‌ ده‌گه‌نێ.
به‌ر له‌ویکه بڕۆین لێمان پرسین گوتمان کاکه ئێوه‌ هێزی پێشه‌وان ؟ گوتی به‌ڵێ ئێمه لکی 3ی** هێزی پێشه‌واین.
خوادا حافیزیمان کرد و که‌ماڵ گوتی کوڕه‌ خۆ ئه‌وانه بۆ به‌دفه‌ری نێوبانگیان هه‌یه‌ به پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی هه‌رباش بوونه‌شیان خواردین ، منیش گوتم ئه‌ی خواردن له‌وه‌ خرابتر هه‌موو گیانیان تێک شکاندین ،به‌ڵام دڵمان هه‌ر خۆش بوو به پێکه‌نین و به‌وقسانه‌وه خۆمان مه‌شغووڵ کرد و بۆ ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ خۆمان گه‌یانده‌ گوندی گامێشان و کۆمیته‌ شارستانی مهابادمان دیته‌وه .
چووینه ژوور و خۆمان ناساند ، گوتمان هاتووین بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، ئه‌وان بڕێک ئارام تر له پێشمه‌رگه‌کانی لکی سێ بوون و زۆر به‌ ڕێک و پێکی کادرێکی ئه‌و کومیته‌یه‌ ماوه‌یه‌ ک قه‌ده‌می له گه‌ڵ لێداین و گوتی ئێوه ته‌مه‌نتان زۆر که‌مه و وا باشه بڕۆنه‌وه ناوشار و ببن به "هه‌سته‌"ی ناو شار و ته‌ماستان له گه‌ڵ ده‌گرین،
دوایی ماوه‌یه‌کی تر قسه‌کردن و نه‌سیحه‌تکردن گوتی:
خه‌متان نه‌بێت نه‌فه‌رتان بۆ دیاری ده‌که‌ین و کارتان پێده‌سپێرین و تا ئێستا ده‌یان که‌سی وه‌ک ئێومان ناردۆته‌وه و ،،،،،،،،له‌و قسانه‌ی زۆر بۆکردین هیچمان به دڵمان نه‌بوو گوتمان ناچینه‌وه ده‌ترسێین بمان گرن ،،،،له کۆتایی دا ئه‌و گوتی باشه بچن بۆ یه‌کێتی لاوان له‌و گوندانه‌ی ئه‌ولان ، جارێ بۆ ئه‌و شه‌و بچن له ماڵێک بمێننه‌وه به‌یانی بۆ شوێنێکتان به‌ڕێ ده‌که‌ین .
مالی ئاوه‌دان بێ ماڵێکی بۆ دیتینه‌وه گوتی ئه‌و شه‌و له‌وماڵه بن،،
که چووینه ژوور ماڵه‌که ژن و مێردێکی ڕێک و پێک و 3 ،4 منداڵی وردیان هه‌بوو، ژوورێکی چکۆله‌ و کوره‌ی دارانیش گرفه‌ گرفی ده‌هات ، زۆرمان شه‌رم ده‌کرد ، چون قه‌ت له ماڵان نه‌مابووینه‌وه‌،کاتی نان خواردن هات ، نانمان خوارد و هه‌رله‌وێ له لای کوره‌که جێگایان بۆ ڕاخستین .گه‌رمای ژووره‌که‌ له لایه‌ک ‌و ته‌نگی جێگا له لایه‌کی تر و فشاری کێج و ئه‌سپێش له لایه‌کی تره‌وه وای فشار بۆهێنابووین تا به‌یانی هه‌ر پێمان کرا خۆمان هه‌ڵکڕێنن،و خه‌ومان لێنه‌که‌وت.
به‌یانی زوو ماڵه‌که‌ وه‌خه‌به‌ر هاتن ، نانێکمان خوارد و چووینه‌وه لای کادره‌که‌ی کۆمیته‌ی شارستانی مهاباد بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای چوون بۆ یه‌کێتی لاوانمان پێ نیشان بدات.
گوتی ده‌بێت بچن بۆ گوندی "کووران" له وانه‌یه‌ ئه‌وێ پێشمه‌رگه‌ی لێبێت و پێتان ده‌ڵێن چۆن یه‌کێتی لاوان بدۆزنه‌وه‌،،
خودا حافیزیمان کرد و له گه‌ڵ که‌ماڵ گوندی گامێشانمان به‌ جێ هێشت و چووینه سه‌ر جاده‌ی مهاباد –سه‌رده‌شت و له سه‌ر قه‌راغ جاده‌ دانیشتین.
که‌ماڵ گوتی :کامران ڕاستییه‌کت پێ بڵێم پێشمه‌رگایه‌تی به ئێمه ناکرێت بابڕۆینه‌وه و خۆ تووشی ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ نه‌که‌ین،
گوتم کوێڕا ماندوو بووی ، با جارێ بچێنه گوندی کوورانیش با بزانین له گه‌ڵ یه‌کێتی لاوان چمان بۆ ده‌کرێت،،،گوتی به‌ خوا کامڕان بڕۆینه‌وه له هه‌مووی باشتره
گوتم مه‌ردی حیسابی دوێنێ به‌یانی هێنده‌ت به په‌له بووی خۆ وه‌ختابوو نه‌هێڵێ که‌وشانیش له پێبکه‌م ئێستاش ئاوا زوو ماندوو بووی خۆ ئێستا ڕۆژێکمان پێشمه‌رگایه‌تی نه‌کردووه
که‌ماڵ گوتی به خوای کاکه ئه‌من ده‌رۆمه‌وه تۆش که‌یفی خۆته‌
خوداحافیزیمان لێککرد و ئه‌و دووڕفیقه‌ گیانی گیانییه‌ی ناو شه‌قام و کۆڵانه‌کانی مهاباد لێکجیابووینه‌وه . ئه‌و له‌وبه‌ره‌ی جادده مایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ماشێنێک هات و به‌ره‌‌و مهاباد ڕۆی ڕایبگرێت و ئه‌منیش بۆ ئه‌و به‌ری جادده په‌رێمه‌وه که ئه‌گه‌ر ماشێنێک بۆ لای گوندی کووران هات رآیگرم.
له گه‌ڵ که‌ماڵ یه‌کترمان به جێهێشت،،ڕۆیشتنی که‌ماڵ که له ناوشار دا ڕفیقی گیانی گیانی بووین و هه‌موو شتێکمان به‌یه‌که‌وه بوو، زۆرناخۆش بوو کاریگه‌رییه‌کی ڕووحی گه‌وره‌ی له سه‌ردانام،،نابه‌ڵه‌دی و ترس و که‌س نه‌ناسینیش له لایه‌کی تر ببووه کۆسپێکی گه‌وره‌ له لای من، به کورتی نه‌مده‌زانی چم لێبه‌سه‌ر دێت،،، به هه‌ر جۆرێک بوو دوای پرسین له چه‌ندین شوان و بێری و ڕێبواری ئه‌و ده‌وربه‌ره‌ خۆم گه‌یانده گوندی کووران،،له قه‌راغ دێ له که‌سێکم پرسی گوتم ئه‌رێ ئێره گوندی کۆرانه‌؟ گوتی نا کاکه ئێره کوورانه‌ کۆران نییه‌ .
گوتم وه‌ک بزانی ئێره پێشمه‌رگه‌ی ڵێیه؟
ده‌ستی بۆ ماڵێک ڕاداشت و گوتی ئه‌و نه‌فه‌ره ده‌بینی له سه‌ر سه‌ربانه ؟
گوتم ئا
گوتی ئه‌وه پێشمه‌رگه‌یه‌ بچووه لای.
له خۆشیان ده‌تگوت ئه‌وه هه‌موو دونیام دیتۆته‌وه،به په‌له‌ خۆم گه‌یانده‌ لای، پێشمه‌رگه‌یه‌کی شۆخ وشه‌نگ به کڵاو ئاغا بانووه و له سه‌ربان دانیشتبوو گوێی دابووه‌ ڕادیۆ ده‌نگی کوردستان، زۆر باشم له بیره ڕادیۆ باسی شه‌ڕی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ی ده‌کرد.
سڵاوم کرد و زۆر به هێواشی وه‌لامی دامه‌وه و بیده‌نگ بوو تا هه‌واڵه‌که‌ خڵاس بوو،
ئه‌و جار گوتی به خێرێی
گوتم زۆر مه‌منوون
گوتی له چی ده‌گه‌ڕێی؟
گوتم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی هاتووم
ناوی پرسیم و ناوی خۆم پێگوتوو
ئه‌ویش گوتی ئه‌من ئه‌حمه‌د شاڵه‌م (ئه‌حمه‌د شاڵه ئێستا له وڵاتی سوئێده‌ ناوی ئه‌حمه‌د شاڵه یه‌که‌م ساته‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیم وه‌بیر دێنێته‌وه هه‌ر لێره‌شه‌وه چاوی ماچ ده‌که‌م و هیوادارم هه‌میشه له ژیاندا سه‌رکه‌وتوبێت)
گوتی به خێرێی ئێستا پێشمه‌رگه‌کانی تر دێن و ده‌رۆین
گوتم ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌ی کام هێزن؟
گوتی ئێمه پێشمه‌رگه‌ی ناوه‌ندی سپی سه‌نگین***
دوای ماوه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌کانی تر هاتن و منیان به خێرهاتن کرد یه‌کێکیان به ناوی "ته‌نیا" ده‌یگوت ده‌بێ بڕۆیه‌وه ئه‌تۆ منداڵی بۆ پێشمه‌رگایه‌تی نابیت، به‌ڵام ئه‌وانیتر ده‌یانگوت نا له گه‌ڵ خۆمان ده‌یبه‌ین.
ئه‌من لایه‌نگرم زۆر بوو به‌ هه‌رجۆرێک بێ وه‌ریان گرتم و گوندی کوورانمان به جێهێشت و به پێیان چووین بۆ گوندی (چۆمه‌ڵ) که ئه‌و کات ناوه‌ندی سپی سه‌نگی لێبوو.به‌م جۆره‌ یه‌که‌م سات و ڕۆژه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیم له ناوه‌ندی سپی سه‌نگ ڕا ده‌ستپێکرد.
به‌رپرسی ناوه‌ند کاک حوسێن مه‌ده‌نی بوو.
که باسی ناوه‌ندی سپی سه‌نگ ده‌کرێت جێگای خۆیه‌تی باسی سێ شه‌هیدی هه‌میشه زیندوو مامۆستا علی ئیبراهیمی، عومه‌ر قه‌نناسه و عه‌وڵا سابیر بکه‌ین که له‌ ناوه‌ندی سپی سه‌نگ خزمه‌تیان ده‌کرد یادیان هه‌ر به خێر بێت.
فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کانی ناوه‌ندی سپی سه‌نگ کاک ملا محه‌ممه‌دی عباسی بوو که ئه‌ویش ئێستا له وڵاتی سوئێده جێگای خۆیه‌تی بڵێم کاک مه‌لا محمد بۆ من نه‌ک هه‌روه‌ک فه‌رمانده‌یه‌ک وابوو به‌ڵکوو وه‌ک باوکێک پاریزگاری له‌من ده‌کرد و بۆیه مه‌لا محمد بۆ هه‌میشه له ناو دڵی مندا جێگای خۆی کردۆته‌وه و به‌ ڕێزه‌وه یادی ده‌که‌‌م.
ناو و یادی پێشمه‌رگه هه‌ر به‌رز و شه‌کاوه بێت
26ی سه‌رماوه‌ز له هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستان پیرۆز بێت.

*که‌ماڵ نازناوه‌ هه‌ڵمبژاردووه له به‌ر هۆکاری ئه‌منییه‌تی، که‌ماڵ دووساڵ دواتر هاته‌وه پێشمه‌گایه‌تی وله فێرگه‌ی سیاسی نیزامی به‌ دیتنی یه‌ک شادبووینه‌وه، به‌لام ئه‌و جاریش هه‌ر خۆی ته‌حویل دایه‌وه‌.
**لکی 3ی هێزی پێشه‌وا بۆ به‌دفه‌ری نێوبانگیان هه‌بوو به‌ڵام خاوه‌نی پێشمه‌رگه‌ی زۆر قاره‌مان و به ئیمان بوون و قاره‌مانه‌تی زۆر گه‌وره‌یان بۆ حیزب خوڵقاند که قه‌ت له بیر ناچنه‌وه.
*** ناوه‌ندی سپی سه‌نگ دوای کۆنگره‌ی 7ی حیزب له زستانی 1364هه‌ڵوه‌شایه‌وه
کامڕان سۆهرابی2008
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی