avatar

ئه‌و که‌سانه‌ی له مێژوودا تا ئه‌به‌د ده‌مێننه‌وه


گه‌لی کورد له مێژووی پر له هه‌وراز و نشێوی خۆی زۆر رووداوی ناخۆش و دڵته‌زێنی به خۆیه‌وه‌ دیوه و له پێناوی سه‌ربه‌ستی و دابینکردنی مافی یه‌کسانی بۆ گه‌له مافخوراوه‌که‌ی، زۆر رۆله‌ی بڵیمه‌ت و کارامه‌ی پێشکه‌شی ئازادی و سه‌ربه‌ستی وڵات کردوه. زۆرن ئه‌و قاره‌مانانه‌ی له کاتی ته‌نگانه دا بوونه هه‌وێنی هیواو ئومید بۆ گه‌له‌که‌یان و مه‌ردانه سینگیان دایه پێش و له‌رزه‌یان خسته په‌یکه‌ره‌ی زوڵم و ئیستیبداد.

زۆرن ئه‌و رۆله مه‌رد و ڕه‌ندانه‌ی که به بیستنی ناڵه و زاڵه‌ی گه‌ل هاتنه مه‌یدان و بوونه له‌مپه‌ر و به‌رگر بۆ خاک و نیشتیمانی داگیرکراویان.

ئه‌و مرۆڤه ئازاو نه‌به‌زانه‌ی که تا ئاخر هه‌ناسه و تا دوا تنۆکی خوێن دڵیان بۆئازادی لێیداو خوێنیان بۆ وڵات بژوێن بوو.

که‌م نین چیرۆکی ئه‌و رۆله به ئه‌مه‌گ ودڵپته‌وانه‌ی که بوونه کۆچکه‌ی خۆراگری و به‌رخۆدان و بوونه هێز و پێزی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ماندوو و ئازاردیتووو.

سه‌روان "ئه‌حمه‌دی جاویدفه‌ر" ناسراو به کاک "هه‌ژار" یه‌کێک بوو له‌و ئه‌فسه‌ره شۆرشگێرانه‌ی که ئه‌رکناسانه و ئه‌مه‌گناسانه هاته ناو ریزی تێکۆشه‌رانی دیموکرات و به ده‌یان و بگره به سه‌دان لاپه‌ره‌ی زێرینی له فیداکاری و گیانبازی بۆ خۆی و حیزب و گه‌ل تۆمار کرد.

گومانم نیه ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نیا جارێکیش ناوبراویان دیتبێ، هۆگر و تامه‌زرۆی که‌سایه‌تی به‌رزی ئه‌و رێبه‌ره شه‌هیده نه‌بووبێن. کاک هه‌ژار، مرۆڤێکی خوێنده‌وار، وێچوو، به هه‌یبه‌ت و ماندوی نه‌ناس، شۆرشگێرێکی که‌م وێنه و نیشتیمانپه‌روه‌رێکی راسته‌قینه بوو. جێگای متمانه‌ی حیزب و کۆمه‌لانی خه‌لکی مه‌هاباد و شاره‌کانی ده‌ور و به‌ر بوو و هه‌ر وه‌تر خۆشه‌ویستی ورد و درشتی ناوچه‌که بوو. به شاهیدی گشت هاورێیانی، "کاک هه‌ژار" یار و هاوده‌م و غه‌مخۆری خه‌لکی هه‌ژار و خۆشی له ژیان نه‌دیتوو بوو. به له ده‌ست دانی هه‌ر رۆله‌یه‌کی کورد غه‌م و په‌ژاره هه‌لیده‌گرت و ته‌م و خه‌می پێوه دیار بوو.

"کاک هه‌ژار"خاوه‌نی زۆر تایبه‌تمه‌ندی تریش بوو که جێگای خۆی بوو زۆرتر و زیاترو زووتر باسی لێکرابا و یادی کراباوه. ئه‌گه‌ر بێت و به چاوێکی وردبینانه‌وه بروانینه ژیان و خه‌باتی که‌سانی وه‌ک "کاک هه‌ژار" و "کاک شوان" و سه‌رگورد "عه‌بباسی" و "سه‌روان چه‌ڵه‌بی" و زۆر نموونه‌ی باس له سه‌ر نه‌کراوی تر، ئه‌م جاره بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که میلله‌ت و حیزبی دیمۆکرات تووشی چ خه‌ساراتێک بوه و چۆن بڵیسه‌ی ئاگری شۆرش و خه‌بات له سه‌ر ده‌ستی ئه‌و رۆڵه به نرخانه گرفه گرفی ده‌کرد.

ئه‌وه ئه‌خلاقی شۆرشگێرانه و دسیپلین و گه‌وره‌یی ئه‌م شه‌هیده مه‌زنانه بوو که بوونه هانده‌ری ئه‌وه که ده‌یان و سه‌دان رۆله‌ی تری ئه‌م نیشتمانه، گیان له سه‌رده‌ست بێنه مه‌یدان و شان به شانی گه‌وره پیاوانی وه‌ک هه‌ژار به گژ دوژمنی هار و تینووی خوێن دا بێن و به سه‌دان جار له مه‌یدانی خه‌باتدا به چۆکی دابێنن.

جێی خۆیه‌تی له به‌ره‌به‌ری نیزیک بوونه‌وه‌ی ساڵرۆژی شه‌هید بوونی رێبه‌ری زانا و فه‌رمانده‌ری کارامه، کاک هه‌ژاری نه‌مر، وه‌ک قوتابیه‌کی ئه‌و مامۆستایه، سڵاو بنێرم بۆ رووحی پاک و بێگه‌ردی "کاک هه‌ژار" و هیوای سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ئازیز بکه‌م که به دڵنیاییه‌وه ئاواتی هه‌میشه‌یی ئه‌و به‌رێزه بوو.

رووحی شاد و رێگای پڕ رێره‌و بێ

ح- مه هاباد 2008
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی