avatar

فلاش به‌ک


حه‌ڤده‌ ساڵمه‌ دایکم قه‌ڕتاڵه‌ یه‌کی سپی پلاستیکی داوه‌ته‌ ده‌ستم ناردویمه‌ لای بابم که‌ بڕۆمه‌ بازاڕ و پێداویستیه‌ کانی خوارده‌مه‌نی بێنمه‌وه‌ ماڵێ . له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌رمه‌نیان ، به‌رانبه‌ری درگای ماڵمان ماڵی سمایلی شه‌ریف زاده‌یه‌ . بزه‌ جوانه‌کانی هه‌ر له‌به‌ر چاومه‌ . بیست متر ئه‌ولاتر دا ده‌کشێم . ماڵی موعه‌ینیه‌ کانه‌ .
سوله‌یمانم دێته‌ به‌رچاو به‌ قژی چه‌ور کراوی به‌ره‌و پشته‌وه‌ ێاف داهێندراو . باریک و بڵیند وسه‌ر به‌رز به‌ره‌و ماڵی ئه‌حمه‌د توفیق 30- 40 میتر ئه‌ولاتر هه‌ڵده‌کشێ .
عه‌بدوڵا دێته‌ به‌رچاوم . بۆرو قژ کاڵی ده‌بینم .
"خانه "‌م زۆر جوانتر له‌ بیره‌ . داخم له‌ به‌ر ئه‌وه‌یکه‌ به‌ ته‌مه‌ن بڕێک لێک نیزیک تر بوین . به‌ کۆته‌ بڕێک شۆڕه‌ که‌یه‌وه‌ خێرا ، نه‌ک وه‌کو" سوله‌یمان "به‌ کاوه‌ خۆ، کۆڵانه‌ که‌مان ده‌بڕی و ون ده‌بێ . کز و ده‌مو چاو زیپکاوی چاوم لێ ده‌کا .
" نه‌ وید " به‌ ده‌نگێکی تۆزێک گنی له‌ قه‌دو قه‌ڵافه‌تی زل ترخه‌ریکی تۆپێنه‌ . بڕێک خوارتر ژنه‌کانی ماڵی کاک غه‌نی ده‌ڕواننه‌ قیژه‌ وهه‌رای تۆپێنی مه‌ .
ڕۆژێکم دێته‌وه‌ بیر که " پریا " مردبو . دوایی" ڕه‌عنا " ی خڕیلانه‌ی چاو ژاپۆنی د‌ونیای تاڵی بۆ من و زۆر که‌سی تر به‌ جێ هێشت .
هێشتا ش بیر له‌ وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ ، ئه‌و هه‌موه‌ هه‌ڵکه‌وتوه‌ بۆچی له‌ و بنه‌ ماڵه‌ دا و له‌و گه‌ڕه‌که‌ ، فه‌وتان و ئه‌و گه‌له‌یان له‌ به‌رهه‌می ژیانی خێرومه‌ندانه‌ی خۆیان بێ به‌ش کرد ؟
ڕۆژێکم دێته‌وه‌ بیر که‌" میرزا عه‌بدوڵای موعه‌ینی" پاڵتۆکه‌ی به‌ سه‌ر شانی دادابو .، له‌ کاتێکا ئه‌و هه‌موه‌ جه‌ماوه‌ره‌ی پشت سه‌ری ، ده‌گریان ، بۆ خۆی وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر شینی کوڕی ئه‌ویش نه‌بی ، سه‌ر به‌رز و ڕاشکاوانه‌ وه‌ پێش جه‌ماوه‌ره به‌ هه‌زارانه‌ ‌که‌ که‌وتوه‌و به‌ره‌و سه‌ر قه‌بران ڕێ ده‌پێوێ !

************************************

قه‌رتاڵه‌ که‌ م به‌ده‌سته‌وه‌ بو که‌ به‌و بیرانه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ چوار چرای مزگه‌وتی عه‌باس ئاغا . ته‌رمێک که‌ دیار بو چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ کا دا ڕاگیراوه‌ و هێشتا گه‌لێک پوش و کای به‌ سه‌ر که‌وا پانتۆڵ و ده‌م و چاویه‌تی، به‌ گوریسێک له‌ نێردیوانێک به‌سترابۆوه‌ و به‌ دار تێلی پشت به‌ بێهداری هه‌ڵپه‌سێردرابو .
ده‌یانکوت مه‌لاشیرێژه‌ . فارسه‌ کان ده‌یانکوت " مراد شیرێژ " . ده‌یانکوت پێشمه‌رگه‌ بوه‌ . به‌ر له‌وه‌ پێشمه‌رگه‌م نه‌دیبو . قاچاخچی م دیبو. بابی دۆسته‌کانی نیزیکم قاچاخچی بون . له‌ پشت مه‌دره‌سه‌ی " بزرگمهر " له‌ گۆڕه‌پانی پێش کانی مام قه‌نبه‌ران زۆر جار ئێستری به‌ گوله‌ی ژه نده‌رمان( ژاندارم) تۆپیو و پارچه‌ و چایی و پوڵه‌که‌ی جلی کوردی په‌رش و بڵاو به‌ سه‌ر خاک و خۆڵی ده‌شته‌که‌م دیبو ، که‌ خاوه‌ نه‌کانی بۆ ده‌رباس کردنی گیانیان جێ یان هێشتبو . ئێسترو ئه‌سپم دیبو که‌ به‌ گوله‌ کون کون کرابون و هه‌ڵمسا بون . به‌ڵام نه‌م ده‌زانی پێش مه‌رگه‌ چۆنن و نه‌م دیبون .نه‌م ده‌مزانی سمایلی شه‌ریفزاده و ته‌نانه‌ت سوله‌یمانی موعه‌ینی سیاسین به‌ڵام ده‌مزانی له‌ خه‌ڵکی ئاسایی نه‌ده‌چون .
له‌ چوارچرا ڕه‌ق ڕاوه‌ستابوم و چاوم ده‌ ته‌رمی کا و خۆڵاوی مه‌لاشیرێژ بڕیبو که‌ کورده‌ پێاوێکی باریک و پشتوێن ته‌سک ده‌نگی دام "‎: کوڕم بڕۆ ، بۆ ڕاوه‌ستاوی !
که‌وتمه‌ بیری " ته‌سبیت " هه‌ر ئه‌و جێگه‌ی قوه‌ و باتری کۆنی ژانده‌رمه‌ریمان له‌ که‌لاوه‌که‌ی دا کۆ ده‌کرده‌وه‌ و ده‌مان برده‌وه‌ ماڵێ ، تا بیکه‌ینه‌ چرا قوه‌ و شه‌وانه‌ له‌ ناو کوچه‌ و کۆڵان و حه‌وش تا دره‌نگانێک ، تاریکایی شه‌وی پێ رون که‌ینه‌وه‌ . هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی ته‌رمی سوله‌یمانی موعه‌ینی له‌ سه‌ر نێردیوان ( پێنجه‌ ) به‌ ته‌ناف به‌سترابۆوه‌و نیزیک درگای حه‌وش درێژ کرابو که‌ خه‌ڵک بێن و بۆ عیبڕه‌ت بیبینن .
ئه‌و ده‌م 17 سالان بوم ، ئێستا 58 ساڵمه‌ .41 ساڵ له‌و ده‌م تێ په‌ڕ بوه‌ . به‌ڵام له‌و ده‌مه‌وه‌ تا ئێستا هه‌ر ته‌رمی کورده‌ ده‌یبینم و هه‌ر داخ و ده‌رد و حه‌سره‌ته‌ له‌ سه‌ر دڵم کۆ ده‌بێته‌وه‌ .

*************************

نه‌ورۆزی 59 بو ؟‌ جه‌معیه‌تی کورده‌کانی تارانیان خستبوه‌ به‌ر په‌لامار و هه‌ر که‌سه‌ی به‌ لایه‌ک دا بڵاو ببوینه‌وه‌ . بۆ نه‌ورۆز چومه‌وه‌ مه‌هاباد . چه‌ند ڕۆژی پێ نه‌چو که‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێ کردو شار گه‌مارۆ درا . هێزه‌ کانی ئه‌رته‌ش له‌سه‌ر داشاماجید ه‌وه‌ به‌تانکی چیفته‌ن و خۆمپاره‌ هاوێژ شاره‌که‌یان ده‌کوتا . له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ دوربین ده‌یان ڕوانیه‌ کوچه‌و کۆڵان و له‌ هه‌ر کۆڵانێک که‌سێک هاتو چوی کردبایه‌ به‌ خۆمپاره‌ دایان ده‌گرت . 32 که‌س ژن و پیاو و منداڵ بوین که‌ له‌ ژێر زه‌ویه‌که‌ی ماڵی کاک خدری سیم بان په‌نامان گرتبو . بومه‌ نوێنه‌ری چه‌ند گه‌ڕه‌ک و له‌گه‌ڵ سێ ، چوار که‌سی دیکه‌ ته‌رمی خه‌ڵکی گه‌ره‌که‌کانی وه‌به‌ر خۆمپاره‌ که‌وتو مان کۆ ده‌کرده‌وه‌و ده‌مان ناشتن .

**************************

له‌ تاران بوم که‌ 200 دێیان له‌ مه‌هاباد دابڕی و خستیانه‌ سه‌ر میاندواو . له‌ تاران بوم که‌ قه‌ڵاتان وه‌ک "سه‌برا " له‌ فه‌له‌ستین ، و "می لای " له " ، وییه‌تنام قه‌ڵاچۆ کراو شه‌تڵی خوێن بو . له‌ باکۆ بوم که‌ ئه‌نفال و هه‌له‌بجه‌ ڕوی دا . ‌ ‌
ئێستاش له‌تاران ، له‌ ماڵی خۆمان له‌ به‌ر تلویزیۆن دانیشتوم و هه‌ر وه‌ک 40 ساڵی ڕابوردو هه‌ر ته‌رمی شه‌هیدانه‌ که‌ ده‌یبینم و هه‌ر وێنه‌ی ڕۆڵه‌ کانی له‌ده‌ست چون که‌ باس له‌ بوێرو و بلیمه‌تی یان ده‌کرێ .

تائێستا هه‌ر شه‌هیدم دیوه‌ ، هه‌ر ته‌می خوشک و برایانم دیوه‌ ، هه‌ر وێنه‌ی شه‌هیدانه‌ له‌ سه‌ر شاشه‌ی تلویزیۆنه‌کان به‌ ڕیز ڕێژه‌ ده‌رۆن . هه‌مو ڕۆژێ ئه‌م سروده‌ ده‌بیسمه‌ وه‌ که‌ " ئه‌ی ڕه‌قیب ! هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی کورد زمان " .

***********************

زۆر به‌ ئاواتم که‌ کوردوستانه‌که‌م بێ کێشه‌ بێ !
له‌ ماوه‌ی ئه‌م چل و یه‌ک ساڵه‌ دا نه‌م دیوه‌ کیژو کوڕی وڵاته‌که‌م دور له‌ بیری شه‌هیدان ، له‌ ولاتێکی بێ کێشه‌ ، له‌ وڵاتێکی ئازاد و ئاوه‌دان ، به‌ بێ چه‌ک ، به‌ ده‌سته‌ گوڵه‌وه‌ به‌ ره‌و جێ ژوان بڕۆن . حه‌سانه‌وه‌م وه‌بیر نایه‌ . به‌ش نییه‌ ؟ مه‌ودام بده‌ن ، تۆزقاڵێ ته‌سکینم ده‌وێ !
کوردی کۆڵ نه‌ده‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌م ده‌یان ساڵه‌ دا ، قه‌ت له‌ خه‌بات نه‌وه‌ستاوه‌ . به‌ڵام هه‌ر شه‌هید بون و وێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری وته‌رکه‌ وه‌ته‌نی و به‌شی ئێمه‌ بوه‌و حه‌سه‌ن بۆته‌ ڕێبه‌ر و حوشێن بۆته‌ سه‌رکۆمار . داخ و که‌سه‌ره‌که‌یشی بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ .

************************

( وتیان وشتر مزگێنی بێ کوڕێکت بوه‌ . وتی چ جیاوازی یه‌کی بۆ من هه‌یه‌ ؟ خۆ ئه‌و باره‌ی له‌ منه‌ هه‌ر له‌خۆمه‌ .)
ساڵی 1388ه . سه‌ر ده‌می هه‌ڵبژاردنه‌ ، سه‌ره‌ک کۆمار هه‌ڵده‌بژێرن . هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ش وه‌ک 30 ساڵی ڕابوردو . بێ زیادو که‌می داوخوازه‌کان که‌وتۆته‌ ڕێ . هێندێک مه‌جبور ، هێندێک لالوت ، هێندێک شاگه‌شکه‌ له‌ سه‌رکه‌وتن و بردنه‌وه‌ ، ده‌چنه‌ سه‌ر ێندوق . تا ئه‌وه‌یکه‌ ئێمه‌ که‌وتینه‌ خۆ . وتمان خۆ هه‌ر وانابێ . هه‌ر من هه‌وڵ بده‌م و ماندو بم و ئه‌وی تر به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌رێ ! هه‌ر من داینێم و ئه‌وانی تر به‌ لای خۆیانی داکێشن ! هه‌ر من غار ده‌م و وه‌ شاخان که‌وم و نان و خوێ بخۆم و ئه‌وانی تر شار بگرنه‌وه‌ .هه‌ر ئه‌و سواربێ و من پیاده‌ .
براده‌رانمان لێک کۆ کرده‌وه‌ . وتمان با چیتر ده‌ست بۆ ئه‌م و ئه‌و درێژ نه‌که‌ین . با بڕیک دڵنیایی مان به‌ خۆمان هه‌بێ . کۆ بوینه‌وه‌ . داواکانمان گه‌ڵاله‌ کرد . کێش و قورسایی خومان لێک دایه‌وه‌ . وتمان ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌وانی تر ژن و پێاوی بلیمه‌ت و هێژا مان هه‌یه‌ . پیاوی وامان هه‌یه‌ که‌ ده‌توانن وه‌ک سه‌ره‌ک کۆماری ئه‌م وڵاته‌ ، مافی هه‌موان بپارێزن ووڵاته‌که‌مان به‌ڕێوه‌ به‌رن . که‌ وایه‌ با که‌س ده‌ست نیشان که‌ین و پشتیوانی لێ بکه‌ین و بێینه‌ مه‌یدانی کێ به‌ر کێ ی هه‌ڵبژاردن . ڕۆژنامه‌ کانیش مه‌به‌ست و بڕیاری ئێمه‌ یان ڕاگه‌یاند . به‌ڵام برایانی ! خۆمان لێ یان له‌ هه‌ڵا داین ! چۆن شتی وا ده‌بێ ؟ ئێوه‌ ته‌جزیه‌ ته‌ڵه‌ب و جیایی خوازن *.
هۆره‌ هه‌ر له‌ خۆمان بو . هه‌ڵی قه‌ڵه‌شین و بوینه‌ دو کوت . لێمان جیا بونه‌وه‌ . که‌م هێزیان کردین . نا نا . دوژمن نا ، برایانی خۆمان ! هیچ دوژمنێک نه‌هاته‌ به‌ره‌نگاری مان . که‌س هه‌ڕه‌شه‌ی لێ نه‌کردین . برایانی خۆمان نه‌بێ .
ناچار دیسان چوینه‌وه‌ سه‌ر دۆخی جاران . چوین بزانین ئه‌وانی تر شتێکمان ده‌ده‌نێ؟ !
شه‌رتمان دانا . یه‌کێکیان شه‌رته‌که‌ی ئێمه‌ی سه‌لماند . بۆمان له‌ بانگه‌واز دا . نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌و . بۆ ئه‌وه‌یکه‌ : یه‌ک : هه‌نگاوێک به‌ره‌و یه‌ک ده‌نگی هه‌ڵێنین . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر شتێکی که‌م بایه‌خیش بێ. که‌ لامان وابو بایه‌خیشی هه‌یه‌ . دو : کیێش و قورسایی خۆمان دیاری بکه‌ین . سێ : ته‌مرینێکی دیپلۆماسیمان کردبێ . وه‌ زۆر ده‌سکه‌وتی تر .
وتمان : ده‌ستم بگره‌ ، ده‌ستت ده‌گرم ، به‌ دو ده‌ستی هیوا و ئه‌وین ، بۆ ئینسان بون ، بۆ مانادان به‌ بون و ژین .
زۆر خوشک و برا لێمان تێ گه‌یشتن . ده‌ستیان داینه‌ ده‌ست . بوینه‌ زۆر .
زۆرمان ده‌نگ کۆ کرده‌وه‌ . به‌ڵام ده‌نگه‌کان له‌ ڕێگا دا ون بون ! ؟ ده‌نگ نه‌ما به‌ڵام شوێنه‌واری هه‌وڵی ئێمه‌ له‌ مێژو دا ماوه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌ .
ئێستا سه‌عات چواری سه‌ر له‌ به‌یانی ڕۆژی سێ شه‌مه‌ 26 ی جۆ زه‌ردانه‌ . خه‌ڵک له‌ شاره‌ گه‌وره‌ کان هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و داوای ده‌نگه‌ کانی ون بویان ده‌که‌ن . 30 – 40 سه‌عاتێکه‌ نه‌خه‌وتوم . خه‌وم هه‌ر لێ ناکه‌وێ . بیر له‌ وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ کوێین؟ بۆ ده‌نگ و ڕه‌نگمان دیار نییه‌ ؟ تۆ بڵێی ئێستاش دو به‌ره‌کایه‌تی و چه‌ند ده‌نگی وه‌ک مڵۆزمێک ، له‌ سه‌ر ڕێ مان داچه‌قیوه‌ ؟
به‌ چاوی خۆمان ده‌بینین که‌ ته‌رمی داوخوازه‌کانمان به‌ لاڕی دا ده‌به‌ن . به‌ڵام له‌به‌ر بێ ده‌نگی هه‌واڵان و ترس له‌ "له هه‌ڵادانی " خۆماڵی ، هه‌روه‌ک ڕابوردو له‌سه‌ر کۆڵان و شه‌قامان ده‌ڕوانینه‌ کاروانی ماڵی زاوا که‌ چۆن بوکی هیوامان ده‌به‌نه‌ ماڵی خۆیان .
بیر له‌ وه‌ ده‌ کامه‌ وه‌ تۆ بڵێ ی بتوانین لێ یان وه‌ر گرینه‌وه‌؟ ‌

*********************

ماوه‌یه‌که‌ ڕاچه‌نیوم . حه‌جمینم نییه‌ . بیر له‌ وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ ، که‌ی ده‌بینه‌ خاوه‌ن ده‌نگ و خاوه‌ن که‌س و خاوه‌ن وه‌زن و یه‌ک زمانی ؟
که‌ی له‌ جیاتی وه‌دوا که‌وتن، وه‌ پێش ده‌که‌وین؟ که‌ی ده‌بینه‌ ڕێ پیشانده‌ر؟ که‌ی هه‌وساری ئه‌سپی مرادی خۆمان ده‌گرینه‌ ده‌ست؟ که‌ی به‌شدار ده‌بین؟
ئاواته‌ خواز
ڕه‌حیم فه‌ره‌همه‌ند2009
بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی