مه‌هاباد, کۆمار
سه‌رگورد خه‌یروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم

خه‌ڵکی : سوله‌یمانی

له ‌دایکبووی : سوله‌یمانی ...

کاتی شه‌هیدبوون : 1947.06.19

شوێنی شه‌هیدبوون : بەغدا

شوێنی گڵکۆ : سوله‌یمانی

چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : ئێعدام

ئه‌فسه‌ری کۆماری کوردستان

.



شه‌هیدانى 19ی‌ حوزه‌یران، هه‌میشه‌ ئه‌فسه‌ر، بۆ ئه‌به‌د سه‌ردار

19ی‌ حوزیرانی‌ ئه‌مساڵ‌ (29ی‌ جۆزه‌ردانی‌ 1386)، 60 ساڵ‌ به‌سه‌ر له‌سێداره‌درانی‌ چوار ئه‌فسه‌ری‌ شۆرشگێر‌و نیشتماندۆستی‌ کورد به‌ده‌ستی‌ رێژیمی‌ پاشایه‌تیی‌ عێراق دا، راده‌برێ‌.
سه‌رهه‌نگ عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رهه‌نگ مسته‌فا خۆشناو، سه‌روان محه‌ممه‌د مه‌حموود قودسی‌‌و سه‌رگورد خه‌یروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ی‌ ئه‌رته‌شی‌ عێراق بوون که‌له‌ جووڵانه‌وه‌ی‌ بارزان دا به‌شدار بوون‌و، کاتێک جووڵانه‌وه‌ ناچار به‌ پاشه‌کشه‌ کرا، له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌یه‌کان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی‌ بارزانی‌ مسته‌فا روویان کرده‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان.
به‌دوای‌ دامه‌زرانی‌ جمهووریی‌ کوردستان دا، هه‌موو ئه‌و کورده‌ تێکۆشه‌ر‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی‌ له‌ ژێر گوشار‌و په‌لاماری‌ رێژیمی‌ کۆنه‌په‌رست‌و دژ به‌ کوردی‌ عێراق دا، یا راست به‌ مه‌به‌ستی‌ خزمه‌تکردن به‌و جمهورییه‌، روویان کردبووه‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ کوردستان‌و شاری‌ مه‌هاباد، رۆڵێکی‌ گرنگ‌و تایبه‌ت به‌خۆیان له‌ خزمه‌ت به‌م جمهورییه‌دا گرته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌م چوار ئه‌فسه‌ره‌ش، زانایی‌، پسپۆری‌‌و ئه‌زموونی‌ خۆیان خسته‌ خزمه‌ت بنیاتنانی‌ سوپای‌ میللی‌ که‌ بۆ پارێزگاری‌ له‌ کۆماری‌ کوردستان پێک هات. ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ک ئه‌فسه‌ری‌ شۆرشگێری‌ دیکه‌ توانای‌ خۆیان بۆ رێکوپێک کردن‌و پێگه‌یاندنی‌ سوپای‌ میللی‌ ته‌رخان کرد. مسته‌فا خۆشناو‌و محه‌ممه‌د مه‌حموود وه‌ک راوێژکاری‌ نیزامی‌ ده‌ست به‌ کار بوون‌و، ئه‌وانی‌ دیکه‌ش هه‌رکام فه‌رمانده‌یی‌ به‌شێک له‌ هێزه‌کانی‌ باشووریان کرد که‌ پارێزگارییان له‌و کۆماره‌ ده‌کرد. ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ شۆڕشگێره‌ تا کاتی‌ رووخانی‌ کۆماری‌ کوردستان، ساتێک له‌ خزمه‌تی‌ سادقانه‌‌و دڵسۆزانه‌ به‌م قیبله‌یه‌ی‌ ئاواتی‌ کوردان غافڵ‌ نه‌بوون.
به‌ رووخانی‌ جمهووریی‌ کوردستان، ئه‌م پۆله‌ رۆڵه‌ شۆڕشگێڕه‌ش وه‌ک سه‌دان کوردی‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رست که‌ به‌ دنیایه‌ک ئاواته‌وه‌ روویان کردبووه‌ پێته‌ختی‌ کۆمار، هێلانه‌یان لێ‌شێوا‌و په‌رته‌وازه‌ بوون. به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ حکوومه‌تی‌ عێراق قه‌ولی‌ لێخۆشبوونی‌ به‌ کورده‌ عێراقی‌یه‌کان دابوو، ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ش له‌گه‌ڵ‌ به‌شێک له‌ کورده‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق. به‌ڵام حکوومه‌تی‌ عێراق، پێی‌ ره‌به‌ڵێنی‌ خۆی‌ خست‌و هه‌ر چواریانی‌ له‌ 19ی‌ جۆزه‌ردانی‌ 1947دا له‌ دار دا.
نامه‌یه‌ک که‌ ئه‌م چوار ئه‌فسه‌ره‌ به‌ر له‌ سێداره‌دانیان روو له‌ نه‌ته‌وه‌که‌یان نووسیویانه‌، وه‌ک ژیانه‌که‌یان‌و خزمه‌ته‌کانیان، جێگای‌ شانازییه‌. چونکه‌ له‌ لایه‌ک پڕه‌ له‌ ئامۆژگاریی‌ دڵسۆزانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ بۆ رۆڵه‌کانی‌ نه‌ته‌وه‌که‌یان. له‌ لایه‌کی‌ دیکه‌شه‌وه‌ پێشانده‌ری‌ وره‌ی‌ به‌رز‌و بڕوای‌ پته‌و‌و ئیمانی‌ قووڵی‌ ئه‌وان به‌ رزگاریی‌ کورد له‌ بنده‌ستیی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌.
ئه‌وان هه‌ر وه‌ک له‌ ژیان دا ره‌چه‌شکێن بوون‌و بۆ ئه‌فسه‌رانی‌ شۆڕشگێری‌ دوای‌ خۆیان بوون به‌ سه‌رمه‌شق، تا پسپۆری‌، زانایی‌‌و ئه‌زموونی‌ خۆیان بخه‌نه‌ خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌که‌یان، له‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ مردنیش دا، بوون به‌سه‌ر مه‌شقی‌ نه‌وه‌کانی‌ دوای‌ خۆیان‌و، که‌لتووری‌ شه‌ق هه‌ڵدان له‌ پله‌‌و پایه‌ی‌ رێژیمه‌ زۆرداره‌کان له‌ پێناوی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ خۆیاندا داهێنا.
60 ساڵ‌ به‌سه‌ر له‌ سێداره‌دانی‌ نه‌مران عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، محه‌ممه‌د مه‌حموود قودسی‌‌و خه‌یروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم دا راده‌برێ‌. به‌ڵام ره‌نجی‌ بێ‌ ئه‌ژمار‌و خوێنی‌ به‌ ناهه‌ق رژاویان به‌ فیڕۆ نه‌چووه‌. له‌و ساوه‌ تا ئێستا، نه‌ک هه‌ر رێژیمی‌ پاشایه‌تیی‌ عێراق چۆته‌ نێو زبڵدانی‌ مێژوو، به‌ڵکوو میراتگره‌کانیشی‌ که‌ بۆ له‌نێو بردنی‌ خه‌باتی‌ کورد ده‌ستیان له‌ هیچ تاوانێک ده‌رحه‌ق به‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ نه‌گێڕایه‌وه‌، به‌ده‌ردی‌ رێژیمه‌کانی‌ پێش خۆیان چوون. نه‌ته‌وه‌ی‌ کورد له‌ باشووری‌ کوردستان خاوه‌نی‌ حکوومه‌ت‌و پارلمانی‌ خۆیه‌تی‌‌و ئه‌و ئاڵایه‌ی‌ سه‌رده‌مێک به‌ده‌ستی‌ ئه‌وان‌و پێشمه‌رگه‌کانی‌ دیکه‌ی‌ جمهووریی‌ کوردستان ده‌شه‌کایه‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ستی‌ هه‌ر کوردێک‌و له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی‌ کوردستان دا ده‌شه‌کێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و کات، له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ نه‌هامه‌تی‌ رووی‌ کرد بووه‌ کورد‌و بۆ رووخاندنی‌ کۆشکی‌ ئاواته‌کانی‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، هه‌موو دوژمنان‌و نه‌یارانی‌ ده‌ستیان دابووه‌ ده‌ستی‌ یه‌ک، ئێستا ئاسۆی‌ رزگاریی‌ کورد به‌ گشتی‌ روونه‌. کوردستانی‌ ئازاد، ئه‌مڕۆ شه‌قام‌و مه‌یدانه‌کانی‌ به‌ ناوی‌ ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ شه‌هیده‌ ناودێر کردوون‌و، ناو‌و یاد‌و ژیاننامه‌‌و گڵکۆکانی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌، پاش 60 ساڵ‌ لاوانی‌ کورد بۆ خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌‌و نیشتمانی‌ خۆیان بانگه‌واز ده‌که‌ن.

ناویان‌و یادیان هه‌روا به‌رز‌و گه‌شاوه‌ بێ

بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی