مه‌هاباد, کۆمار
محه‌ممه‌د نانه‌وازاده

خه‌ڵکی : ماهاباد

له ‌دایکبووی : مه‌هاباد ...

کاتی شه‌هید بوون: 1946.07.16

شوێنی شه‌هیدبوون : كه‌لیخان

شوێنی گڵکۆ : مه‌هاباد

چۆنیه‌تیی شه‌هیدبوون : سوتانی فڕۆكــــه

فه‌رمانده‌ری هێزی ناوه‌ندی كوردستان



مێژووی سووری نه‌ته‌وه‌م لاپه‌ڕلاپه‌ڕ هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌. پڕ له‌ سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌.
فیلمی تراژێدیای خه‌باتی گه‌ل، زۆر میرخاس و جوامێرم پێده‌ناسێنێ. له‌ ناویاندا قه‌ڵای خوێناوی، په‌یكه‌ری هه‌ســتی شۆڕشــــگێری، محه‌مـمه‌د نانه‌وازاده‌ یه‌ك له‌ هه‌موویانه‌. كاك محه‌ممه‌د كوڕی میرزا عه‌وڵای نانه‌وا له‌ شاری مه‌هاباد چاوی به‌ دنیا پشكووت. پله‌كانی خوێندنی له‌ نێوان ساڵه‌كانی1920 تا1931 له‌و شاره‌ ته‌واو كرد. چه‌ند ساڵێك وه‌ك فه‌رمانبه‌ری ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی مه‌هابـــاد خزمه‌تی كرد. ساڵی1937 له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ ناچار به‌ خزمه‌تی سه‌ربازی كرا. ناوبراو ئه‌م دوو ساڵه‌ی له‌ سه‌ربازی بوو، ده‌رسی نیزامی خوێند و ده‌ره‌جه‌ی گروهبانی وه‌رگرت. پاش ته‌واو كردنی دوو ساڵ سه‌ربازیه‌كه‌ی له‌ ئیداره‌ی ماڵی مه‌هاباد دامه‌زرا. ساڵی1942 وازی له‌ كاری ئیداری هێناو خه‌ریكی بازرگانی بوو
. محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ لاوی نیشتمان په‌روه‌ر، به‌ دائیم بیری له‌ ڕزگاری كوردستان ده‌كرده‌وه‌. ناوبراو ساڵی1941وه‌ك ئه‌ندامی حیزبی ئازادی كوردستان وه‌رگیرا. ڕۆژی16ی ئاگوستی1942كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی به‌به‌شداری ناوبراو له‌ شاری مه‌هاباد سازدرا. به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ یازده‌ كه‌س و بریتی بوون له‌ : حوسێن فروهــــــه‌ر، عه‌بدولره‌حمان زه‌بیحی، عه‌بدولره‌حمان ئیمامی، عه‌بدولقادر موده‌ره‌سی، نه‌جمه‌ددین ته‌وحیدی، محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌، عه‌لی مه‌حمودی، محه‌ممه‌د ئه‌سحابی، عه‌بدولره‌حمان كه‌یانی، سه‌دیق حه‌یده‌ری، قاسم قادری. ئه‌و ناوبراوه‌ به‌ڕێزانـه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردیان به‌ ئامانجی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی كورد پێكهێنا.
25ی گه‌لاوێژ یاكوو16ی ئاگوستی1945 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئازادو گه‌وره‌تر له‌ شاری مه‌هاباد گیرا. لـــــــــه‌وكۆبوونه‌وه‌یه‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م رێكخراوی سیاسی خاوه‌ن پێره‌وو پڕۆگرامی پێشكه‌وتوو له‌ سه‌ر بناخه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد ( ژـ‌ك ) به‌ سه‌رۆكایه‌تی قازی محه‌ممه‌د دامه‌زرا. ساڵی1945 كاتێك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێكهات هاوڕێ محه‌ممه‌د پله‌ی سه‌رهه‌نگی (كۆلۆنێڵ) له‌ لایه‌ن كۆماره‌وه‌ پێبه‌خشرا و وه‌ك فه‌رمانده‌ری هێزی ناوه‌ندی كوردستان دیاری كرا.
سه‌رهه‌نگ نانه‌وازاده‌ ڕۆژی دووی رێبه‌ندان، واته‌ 1946.01.22 یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنــی كۆماری كوردستان و به‌رزكرنه‌وه‌ی ئاڵای پیرۆزی كوردستان ‌دا، ڕێزی پێشمه‌رگایه‌تی (ئیحترامی نیزامی) بـــۆ سه‌رۆك كۆمار، پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د به‌ جێ هێنا. ئه‌و شه‌شه‌مین كه‌س بوو كه‌ بۆ ئازادی كوردستان له‌ چه‌نگـــ چه‌وسێنه‌ران سوێندی خوارد. سه‌رهه‌نگ نانه‌وازاده‌، ته‌نیا مانگێك به‌سه‌ر ئه‌ركه‌ پێ ئه‌سپێردراوكه‌یدا تێپه‌ر ببوو كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌گری كوردستانه‌وه‌ مه‌ئموریه‌تی پێدرا چاوه‌دێری ناردنی خوارده‌مه‌نی بۆ سه‌ربازانی حكوومه‌تی ئێران بكا كه‌ ئه‌و كاتـه‌ له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ناو دوو پادگانی له‌شكری هه‌ڵكه‌وتوو له‌ بانه‌ و سه‌رده‌شت گه‌مارۆ درابوون. ناوبراو بۆ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ چووه‌ شاری سه‌قز. ڕۆژی دووشه‌مه 1946.07.15 به‌ر پرســـــــی دیژبانی مه‌هاباد به‌ ناوی كاك حامید مازوچی ده‌نێرێ كه‌ چاوه‌دێری ژماره‌یه‌ك ماشێنی هه‌ڵگری خوارده‌مه‌نــی بۆگه‌مارۆدراوه‌كانی ناو پادگانه‌كانی بانه‌ و سه‌رده‌شت بكا. ( هاوڕێ حامید مازوچیش یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كۆمار بوو كه‌ دووای ڕووخانی كۆماری كوردستان له‌ لایه‌ن ڕێژیمی پاشایه‌تی په‌هله‌ویه‌وه‌ ئیعدام كرا ). سه‌رهه‌نگ محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ خۆی به‌ فڕۆكه‌ ده‌چێته‌ سه‌رده‌شت‌و شه‌و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌. به‌یانی ڕۆژی سێ شه‌مه‌ واته‌1 1946.07.16 به‌ فڕۆكه‌ ده‌چێته‌ بانه‌و له‌وێ چاوی به‌ شه‌هید حامید مازوچی ده‌كه‌وێ‌و به‌ باوه‌شێكی گه‌رم،هاوڕێ دێموكراتی ماچ ده‌كات‌و ماڵئاوایی لێ‌ده‌كات. هاوڕێ نانه‌وازاده‌ له‌ دڵدا هه‌ستی به‌ ڕووداوێكی دڵته‌زێن ده‌كرد. ئه‌و پێی وانه‌بوو كه‌ جارێكی دیكه‌ هاوڕێ حامید ده‌بینێته‌وه‌. كات ژمێر دووازده‌ی نیوه‌ڕۆ به‌ فڕۆكــــه‌ ده‌چێته‌ سه‌قز. فڕۆكه‌ی هه‌ڵگری سه‌رهه‌نگ له‌ داوێنی كێوی كه‌لیخان، نیزیك گوندی سونجێ سه‌ر به‌ شارستانی بانه‌ ئاگری تێبه‌ر ده‌بێ ده‌ست به‌ سه‌رمه‌قولاتان ده‌كا.فڕۆكه‌وانه‌كه‌ به‌ چه‌تری نه‌جات خۆی فڕێ ده‌داته‌ خواره‌وه‌ و چه‌تره‌كه‌ی بۆ ناكرێته‌وه‌ و به‌ سه‌ختی بریندار ده‌بێ. سه‌رهه‌نگ محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ش له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌ و له‌شی به‌ ته‌واوی ده‌سووتێ و له‌ جێوه‌ شه‌هید ده‌بێت. كاك حامید مازوچی به‌ بیستنی ئه‌و خه‌بـــه‌ره‌ دڵته‌زێنه‌ خۆی ده‌گه‌ێینێته‌ شۆێنی ڕووداوه‌كه‌. ناوبراو ته‌رمی هاوڕێی شه‌هیدی كه‌ سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌ر ماڵئاواییان لێكتر كردبوو ده‌باته‌وه‌ بانه‌ و له‌ وێڕا بۆ شاری سه‌قزی به‌ ڕێده‌كات. ته‌رمی شه‌هید محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ بــه‌ هۆی سه‌روانێك و دوو گروهبانی ئه‌رته‌شی ئیرانی له‌ سه‌قزه‌وه‌ به‌ره‌و میاندواو وله‌ وێشه‌وه‌ بۆ مه‌هاباد دێته‌وه‌. ڕۆژی چوارشه‌مه‌، ڕێكه‌وتی1946.07.17 زیادتر له‌ ده‌هه‌زار كه‌س خه‌ڵكی ناوچه‌، له‌ هه‌مــوو چین و توێژێك، وه‌زیری هێز و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌وره‌پیاوانی كورد، چه‌ندین كیڵۆمیتر به‌ پێشوازی ته‌رمی شه‌هیـــدی گه‌ل و كۆماره‌وه‌ چوون. ته‌رمی ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌ به‌ ڕێزی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ و به‌ مه‌به‌ستی ماڵئاوایی كردن بـــــه‌ شه‌قامه‌كانی قازی و وه‌فاییدا تێپه‌ڕ كرا و پاشان له‌ گۆڕستانی مه‌لاجامی به‌ خاكی پاكی نیشتمان ئه‌سپێردرا.
شه‌هید سه‌رهه‌نگ محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ دوای خه‌لیل خۆشه‌وی دووهه‌م هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی كۆماری كوردستان بـوو كه‌ گیانی پاكی فیدای نیشتمانی ئازاد كرد. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س له‌ ناو سوێند خۆره‌كان و یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ و یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆماردا، پله‌ی شانازی شه‌هید بوون لــه‌ ڕێگای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌یدا پێبڕا. ناوی شه‌هید محه‌ممه‌د نانه‌وازاده‌ له‌ مێژووی كاره‌سات و له‌ ریزی شه‌هیده‌ بـه‌رزه‌كانی ڕێگای سه‌ركه‌وتنی ئازادی كوردستان‌دا بۆ هه‌میشه‌ تۆمار كرا ونه‌وه‌كانی داهاتووی ئه‌م خاك و نیشتمانه‌ سه‌ری ڕێز و ئیحترامی بۆ داده‌نوێنن.

بگه‌ڕێوه|ده‌سپێک|بینێره‌ بۆ فه‌یس‌بوسکه‌که‌ت
ده‌ستپێک
ڕێبه‌رانی شه‌هید
ئاڵبۆمی نه‌مران
 
کۆمار
بانگه‌واز
په‌یوه‌ندی